دەستەی فڕۆکەوانی سعوودیە: فڕۆکەخانەی شا خالید کرایە ئامانج

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە (GACA) ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "شا خالید" لە ریاز بەر دوو هێرش کەوتووە و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتیی سعوودی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتییان و بیانییەکان بریندار بوون.

لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە ئاشکرای کرد، رۆژی پێنجشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید رووبەڕووی دوو پەلامار بووەتەوە، لە هێرشی یەکەمدا دامەزراوە و بەشەکانی ناو فڕۆکەخانەکە کراونەتە ئامانج، هێرشی دووەمیش فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی ئاسمانیی سعوودیەی پێکاوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی رێکار و پلانە پێشوەختەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی هەردوو هێرشەکەدا، سێ هاووڵاتیی سعوودی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و ئەو بیانییانەی لە وڵاتەکە نیشتەجێن (بە رەگەزنامەی جیاواز) بریندار بوون؛ ئاستی برینەکانیش لە سووکەوە تا سەخت تۆمار کراون و دەستبەجێ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هاوکات زیانی ماددی بەر فڕۆکەخانەکەش کەوتووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەی فڕۆکەوانی بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان کار لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و کارمەندان.

دەستەکە دڵنیاییشیدا کە سەرجەم کار و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید دەستیان پێکردووەتەوە و جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی بووەتەوە.