دەستەی دەستپاکیی عێراق تۆڕێکی ساختەکاریی لە پەروەردەی بەغدا ئاشکرا کرد

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رەسافەی یەکەمی لە بەغدا راگەیاند، کە لە بەرامبەر پێدانی پارەدا بەڵێنی دامەزراندنیان بە هاووڵاتییان داوە و کاری ساختەکارییان ئەنجام داوە.

هەینی، 8ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئۆپۆراسیۆنێکدا کە بەپێی بڕیاری دادگا ئەنجام دراوە، تۆڕێک ئاشکرا کراوە کە لە 12 فەرمانبەر پێکهاتوون. ئەم تۆڕە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ەوە کاری خەڵەتاندن و ساختەکارییان کردووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا، بەڵێنی دامەزراندنیان بە هاوڵاتییان داوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی دەستەی دەستپاکی، ئەم تۆڕە جگە لە خەڵەتاندنی هاووڵاتییان، دەستیان لە ساختەکردنی بەڵگەنامە سەرەتاییەکانی دامەزراندندا هەبووە، هاوکات رێکاری خەرجکردنی مووچەیان بۆ بڕێک فەرمانبەر رێکخستووە کە بە بێ ئەوەی ئامادەی دەوامی فەرمی بن، مووچەیان وەرگرتووە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو تیمی کاریی لە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا پێکهێنران و رەوانەی دوو گەڕەکی دیاریکراو کران. لە ئۆپۆراسیۆنەکەدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی هەڵۆکان و هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەڕێوە چوو، حەوت تۆمەتبار دەستگیر کران و فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەرانیش بۆ پێنج تۆمەتباری دیکە دەرچوو.

لە کۆتاییدا، کۆنووسی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی رێکخرا و لەگەڵ تۆمەتباراندا رادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئابووری کرا، دادوەریش بڕیاری دەستبەسەرکردنیانی بەپێی بڕیاری (160ی ساڵی 1983)ی هەموارکراو دەرکرد.