هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی رۆشنبیری بابل دەکات
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، شاعیری کورد، بەشداریی خولی 13یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی رۆشنبیری بابل دەکات، کە لە 8 تا 16ی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری مێژوویی بابل لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، شاعیری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "من بە خۆشحاڵی و شانازییەکی گەورەوە بەشداریی چالاکییەکانی خولی 13یەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی نێودەوڵەتی بابل دەکەم؛ فێستیڤاڵێک لە ماوەی بەڕێوەچوونی خۆیدا، ژمارەیەک لە شاعیران، نووسەران، رۆشنبیران و کەسایەتییە کولتوورییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە کۆدەکاتەوە و دەرفەت بۆ ناساندنی ئەزموون و بەرهەمە ئەدەبییە جیاوازەکان دەڕەخسێنێت."
هەڵۆ سەبارەت بە پێشکەشکردنی شیعرەکانی خۆی گوتی، "لە چوارچێوەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکەدا، 10 کورتە شیعری خۆم پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەم. ئەو شیعرانە بە زمانی کوردی دەخوێنمەوە و هاوکات وەرگێڕانی عەرەبییان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی ناوەڕۆک و ماناکانی شیعرەکان بۆ ئەو ئامادەبووانەش روون بێت کە زمانی کوردی نازانن."
ئەو شاعیرە جەختی کردەوە، "ئەم شێوازەی پێشکەشکردنی شیعرە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی زمان و ئەدەبی کوردی لە دەرەوەی چوارچێوەی خۆیدا زیاتر بناسرێت و پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان شاعیری کورد و خوێنەر و گوێگرانی زمانەکانی دیکەدا دروست ببێت. هەروەها، خوێندنەوەی شیعر بە زمانی دایک، گرنگیی پاراستنی ناسنامەی زمانی و کولتووری دەردەخات؛ لە هەمان کاتدا وەرگێڕان دەبێتە پردێک بۆ گەیاندنی ئەو هەست و بیرۆکانەی لە ناو شیعرەکاندا هەڵگیراون بە کەسانی زمان و کولتووری جیاواز."
سەبارەت بە گرنگیی رەخساندنی ئەو فێستیڤاڵە رۆشنیرییە، هەڵۆ دەڵێت، "هیواخوازم ئەم دیدارە دەرفەتێکی جوان بێت بۆ پێشکەشکردن و گەیاندنی دەنگی شیعر و ئەدەبی کوردی بە ئاسۆیەکی فراوانتری پێکەوەژیان و داهێنان. ئەم ئامانجە، لەگەڵ رۆڵی فێستیڤاڵە کولتوورییەکاندا یەکدەگرێتەوە، لە رێگەی ئەدەب و هونەرەوە هەوڵ دەدرێت پەیوەندیی نێوان گەلان بەهێز بکرێت و دەرفەت بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەنێوانیاندا دروست بکرێت."
هەڵۆ باسی لەوەش کرد، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی رۆشنبیری بابل، بە ناوی شاری مێژوویی بابلەوە گرێدراوە؛ شارێک کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی شارستانیی کۆنی میزۆپۆتامیا و لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەم فێستیڤاڵەش بە ئامانجی کۆکردنەوەی رۆشنبیران و هونەرمەندان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری، چالاکییە ئەدەبی و هونەرییە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت."
سەبارەت بە تەوەرەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە، هەڵۆ گوتی، "لەگەڵ چالاکییە ئەدەبییەکانی وەک، شەوانی شیعر و کۆبوونەوە رۆشنبیرییەکان، بوار بۆ پیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکان، مۆسیقا، شانۆ، سینەما و پێشانگەی کتێبیش دەڕەخسێنێت. فێستیڤاڵەکە هەوڵ دەدات بوارێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و ناساندنی ئەزموونە کولتوورییەکان دروست بکات و بەشداریی هونەرمەندان و رۆشنبیرانی وڵاتانی جیاواز بەهێز بکات."
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشداریی من بە 10 کورتە شیعر لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا، لە رووی ناساندنی ئەدەبی کوردییەوە گرنگیی خۆی هەیە؛ چونکە شیعر، وەک یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی دەربڕینی هەست و بیر و ئەزموونی مرۆڤ، دەتوانێت پەیوەندی لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندا دروست بکات. پێشکەشکردنی شیعرەکان بە زمانی کوردی و دابینکردنی وەرگێڕانی عەرەبی، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی دەنگی شاعیری کورد لە کۆڕێکی فرەزمان و فرەکولتووردا ببیسترێت."
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، شاعیری کورد، لە ساڵی 1972 لە سلێمانی لەدایکبووە. هەڵۆ کوڕی شاعیری ناوداری کوردستان شێرکۆ بێکەسە. ناوبراو لە ساڵی 2018 کتێبێکی لەژێر ناوی "سەد و یەک رۆژ تەنیایی" بڵاوکردەوە، کە گێڕانەوەی دواساتەکانی ژیانی شێرکۆ بێکەسی باوکی لە 25ی نیسان تا 4ی ئابی 2013 لە وڵاتی سویدە، کتێبەکە بوو بە یەکێک لە پڕ فرۆشترین کتێبیەکانی ساڵ لە کوردستاندا. ھەرەوەھا لە ساڵی 2021 کتێبێکی کۆمەڵە ھەڵبەستی ھایکۆ بە دوو زمانی ئینگلیزی و کوردی لە ژێر ناوی "خۆزیا باوکم ئەم شیعرانەی بدیایە" چاپ و بڵاوکردەوە.