گروپی موزیکی 'کیژانی سنە' کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی لە کەرکووک ساز دەکات

 کۆنسێرتی گروپی موزیکی  "کیژانی سنە"، بە دروشمی "لە سۆز و سەدای سنەیەوە بۆ قەڵای کەرکووک؛ ئاوازێک بۆ ئاشتی و خۆشەویستی"، رۆژی دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، لە هۆڵی رۆشنبیری کەرکووک بەڕێوەدەچێت.

هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژینا وەحیدی پوور، سەرپەرشتیاری گروپەکە و ژەنیاری دەف بە کوردستان24ی راگەیاند، "تەواوی ئامادەکارییە هونەری و مەشقە بەردەوامەکانی خۆمان تەواو کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی تایبەت و فراوانی گۆرانی و موزیکی رەسەنی کوردی لە شاری کەرکووک، کە تێیدا کۆمەڵێک شاکاری فۆلکلۆری و ئاوازی رەسەن پێشکەش بە هۆگرانی کولتوور و هونەری کوردی دەکەین."

​ رۆژینا وەحیدی پوور سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ کۆنسێرتەکە گوتی، "کاتی ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەم کۆنسێرتە ماوەی دوو مانگی خایاندووە و بە شێوازێکی زۆر ورد و پرۆفێشیناڵانە مەشقمان لەسەر برگەکان کردووە تاوەکو بتوانین بەرهەمێکی بەپێز و شایستە پێشکەشی جەماوەری دیاری شاری کەرکووک بکەین."

ئەو خانمە هونەرمەندە جەختی کردەوە، "بۆ ئەم کۆنسێرتە 8 بەرهەمی تایبەتمان رێکخستووە و ئامادە کردووە، کە تێکەڵەیەکە لە سۆز، ئاواز و گۆرانییە رەسەنەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بەتایبەت ناوچەی سنە و گەرمیان، هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لە کەرکووک ببێتە مایەی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتورییەکان، ژیانەوەی زیاتری موزیکی رەسەن و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و تەبایی راستەقینە لە رێگەی هونەرەوە."

سەبارەت بە ناوەڕۆک و پێکهاتەی بەرهەمەکانی کۆنسێرتەکە، رۆژینا وەحیدی پوور دەڵێت، "​ناوەڕۆک و پێکهاتەی بەرهەمەکانی ئەم کۆنسێرتە بە شێوازێک داڕێژراون کە گوزارشت لە رەسەنایەتی و دەوڵەمەندی کولتووری کوردی دەکەن. ژەنین و پێشکەشکردنی بەرهەمەکان پشت بە کۆمەڵێک ئامێری رەسەنی رۆژهەڵاتی و کوردی دەبەستێت، لەوانە ئامێری دەف بە سەرپەرشتی و ژەنینی من و دەنگی رەسەنی گۆرانیبێژان شادی غوڵامی و سۆما هاشمی، ریتم و ئاوازی گۆرانییەکان دەڕازێننەوە."

رۆژینا وەحیدی پوور باسی لەوەش کرد، "بڕگە موزیکییەکان بە هاوکاری ژەنیارە بەتواناکانی گروپەکە پێشکەش دەکرێن وەکو، ئاورین فەخر لەسەر ئامێری سەنتوور، لەیلا عەزیمی لەسەر ئامێری تەمبەک، رۆژین داودی لەسەر ئامێری نەی، عەسەل غوڵامی لەسەر ئامێری تار، و هولیا شەریعەتی لەسەر ئامێری عوود. هەروەها ئەم ئاوێتەبوونەی ئامێرە فۆلکلۆرییەکان لەگەڵ جلوبەرگی کولتوریی رەسەنی ژنانی سنە، دیمەن و ئەزموونێکی بەپێزی هونەری بە بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە دەبەخشێت."