قەبانچی: دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی گەل دژی دابەزینی بەهای دینار
پێشنوێژ و گوتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پێداچوونەوە بە بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاردا بکات. هاوکات پێشنیاری کرد ئەگەر دابەزینی بەهای دینار حەتمی بێت، ئەوا دەسەڵاتداران مووچەی فەرمانبەران بە دۆلاری ئەمریکی دابەش بکەن بۆ ئەوەی بژێویی ژیانیان لە مەترسی بپارێزرێت.
هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەدرەدین قەبانچی، پێشنوێژ و گوتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف، لە گوتاری ئەمڕۆیدا سەبارەت بە پرسی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا، جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی گەل و داوا لە حکەومەت دەکەین بەم بڕیارەدا بچێتەوە؛ بە تایبەت لە کاتێکدا دەزانین کە نزیکەی 90%ـی داهاتی دارایی عێراق لە نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت و گەشتیاریی ئایینیش نزیکەی 3%ـی داهات پێکدەهێنێت."
قەبانچی لە درێژەی گوتەکانیدا ڕوونی کردەوە, سەرەڕای بوونی هەندێک کێشەی کاتی لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتدا، پێویستە کار بۆ دۆزینەوەی چارە بکرێت، بە تایبەت کە حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە گەرووی هورمز لەبەردەم کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکانی عێراقدا واڵایە، کە تەنیا لە مانگی رابردوودا چوار ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.
پێشنوێژ و گوتاربێژی هەینی مزگەوتی گەورەی نەجەف دەڵێت: ئەگەر بڕیار بێت بەهای دراوی نیشتمانی دابەزێت، پێویستە حکوومەت لە پێناو پاراستنی توانای دارایی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی زیانەکانی هەڵاوسان، مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاریی کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد.