مەزڵووم عەبدی: زمانی کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامە و کولتووری سووریا

راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشووی هەسەدە لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی. هاوکات ئاشکرای کرد، زمانی کوردی لە کەرتی خوێندندا بووەتە زمانێکی فەرمی و خراوەتە ناو پڕۆگرامی حکوومییەوە.

هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا، لە شارۆچکەی تل تەمر لە گوندەواری حەسەکە لەگەڵ دانیشتووان و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سەرجەم پێکهاتەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەی دواهەمین پێشهاتەکان و چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە ناوچەکە کرا.

عەبدی لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشووی هەسەدە لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی. روونیشی کردەوە، ئەم پێشکەوتنەی هاتووەتە کایەوە، بەرهەمی باوەڕبوون بووە بەو هەنگاوانەی نراون، سەرەڕای بوونی هەوڵی بەردەوام لە لایەن هەندێک لایەنەوە بۆ شکستهێنان بە پرۆسەکە.

سەبارەت بە پرسی زمان، عەبدی دەڵێت: زمانی کوردی لە بواری خوێندن و فێرکردندا بووەتە زمانێکی فەرمی و دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک بەردەوام دەبێت.

ئەو راوێژکارە هانی دانیشتووانی دا کە منداڵەکانیان بنێرن بۆ فێربوونی زمانی دایک شانبەشانی زمانی عەرەبی و، وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامە و کولتووری سووریا بایەخی پێ بدەن، هەروەها زمانی کوردی لە ناو پڕۆگرامی فەرمیی خوێندنی حکوومەتدا جێگیر کراوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕی تایبەت بە دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان راگەیاند، کە ئەرکەکەی بریتی دەبێت لە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆخیان و کارکردن بۆ داخستن و یەکلاییکردنەوەی یەکجارەکیی ئەم دۆسیەیە.

ئەم راوێژکارەی سەرۆکایەتیی سووریا، جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لە قۆناخی داهاتوودا کردەوە و گوتی: "ئێمە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەین و رێگە بە هیچ جۆرە فیتنە و ئاژاوەیەک نادەین، هەروەها رێگە لە هەموو ئەو لایەنانە دەگرین کە هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتەکاندا دەدەن، چونکە ئێمە باوەڕی تەواومان بە ئاشتی هەیە و کار بۆ بەدیهێنانی دەکەین."