ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران توندتر دەکات و دراوە دیجیتاڵییەکانیش بە ئامانج دەگرێت
لە نوێترین پەرەسەندنی پەیوەندییە ئاڵۆز و گرژەکانی نێوان واشنتن و تاران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ریکارە داراییەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داهاتییەکانی حکوومەتی ئێران توندتر دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامانجی سەرەکییان پەکخستنی سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵاتی تارانە، نەک دروستکردنی گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی.
هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە، ئێرین براون، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا سزامان بەسەر زیاتر لە هەزار و 500 کەسایەتی و قەوارەی سەر بە ئێراندا سەپاندووە و بەردەوامین لە بڕینی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵاتی ئێران."
رایگەیاند، لە هەنگاوێکی نوێدا ریکاری تایبەتیان گرتووەتە بەر بۆ راگرتنی رەوتی گواستنەوەی دراوە دیجیتاڵییەکان (Cryptocurrency) بۆ ناو ئێران، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە بۆ دەربازبوون و خۆدزینەوە لە سزاکان.
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی ئاراستەی سیاسەتەکانی واشنتن دەکرێن، بریکاری وەزارەتی گەنجینە روونیکردەوە، سزاکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک گەلی ئێران ناکاتە ئامانج، بەڵکو خودی دەسەڵاتدارانی تاران رێگری لە گەیشتنی هاوکاری و پێداویستییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی خۆیان دەکەن.
سەبارەت بە رەوشی کەشتیوانی و ئاسایشی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئێرین براون ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، تێپەڕبوونی نەوتی خاو بە گەرووی هورمزدا لە ئاستێکی جێگیردایە و زۆر نزیکە لە ریژەی پێش دەستپێکردنی جەنگ.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، واشنتن لە ساڵانی رابردوودا ستراتیژیی ئەوپەڕی گوشاری دژ بە تاران پەیڕەو کردووە، ستراتیژێک کە سزای ئابووریی توندی بەسەر کەرتەکانی نەوت، بانک، پترۆکیمیایی و سەرکردە سەربازییەکانی ئێراندا سەپاندووە.
لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان وەک رێگەیەک بۆ دەربازبوون لە چاودێریی دارایی نێودەوڵەتی، نووسینگەی چاودێریی سەرمایە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تا رێگە لە بەکارهێنانی سەکۆکانی کریپتۆ لەلایەن دامەزراوە حکوومی و سەربازییەکانی ئێرانەوە بگرێت.
هاوکات گەرووی هورمز وەک شادەماری سەرەکیی بازرگانیی نەوتی جیهان دادەنرێت، رۆژانە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت. هاوکات پاراستنی جووڵەی بازرگانی بەو گەرووەدا، ئاماژەیە بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە قەیرانی وزە و نەهێشتنی هەڵکشانی نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.