هاووڵاتییانی بەغدا لەبارەی دابەزینی بەهای دینار هۆشداری بە حکوومەت دەدەن

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، فراکسیۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی سەردانی درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان، کۆمەڵێک پێشنیازی بەپەلەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی فەرمی دۆلار بەرامبەر بە دینار پێشکەشکرد.

پێشنیازەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بریتین لە داشکاندنی کرێی زانکۆ و خوێندنگە ئەهلییەکان بە رێژەی 15%ـی، دابینکردنی کەرەستەی بیناسازی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ ماوەی 6 مانگ، هەروەها پێکهێنانی سندووقی پاراستنی دینار.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هاووڵاتییانی عێراق نیگەرانیی خۆیان لە دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل دەردەبڕن. ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لەوبارەیەوە گوتیان: پەرلەمان سەرۆکوەزیرانی بانگهێشت کرد لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بەڵام ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕ دروستکردووە و نرخی پێداویستییەکان بەتەواوی بەرزبووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییانە گوتیان، سەرەڕای ئەوەی دیدگای سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و دابینکردنی مووچە بووە، بەڵام بڕیارەکە زیانی بە گوزەرانی خەڵک گەیاندووە.

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: ئەم دۆخە لە ساڵی 2003وە لە عێراقدا بوونی هەیە و هاووڵاتییان بەم قەیرانانە ئاشنان. سەرۆکوەزیران هەوڵی بووژاندنەوەی وڵات دەدات، بەڵام دەوروبەرەکەی لە دژی کار دەکەن و ئەو گەندەڵکارانەی بەرپرسیارێتییان وەرگرتووە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەن.

ئەو هاووڵاتییە جەختیکردەوە، کاریگەرییەکانی دابەزینی دینار ئێستا دەرکەوتوون، بەجۆرێک نرخی دەبەیەک رۆن چور هەزارە، نرخی دۆشاو  سێ هەزار و هێلکەش گران بووە و هۆشداریی دا، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان روو لە هەڵکشان دەکات. هاوولاتییان بە حکوومەتدا دەتەقێنەوە.

دانیشتوویەکی دیکەی بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند، شەقامی عێراقی تووڕەیە و دۆخی بژێویی خەڵک بەرەو خراپتر دەچێت. ئەو هاووڵاتییە پێیوایە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار پێشوەختە بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ نەکراوە، چونکە هەرچەندە سوودی بۆ حکوومەت هەیە، بەڵام زیانی قورسی بۆ هاووڵاتییانی هەژار و خاوەن داهاتی دیاریکراو لێکەوتووەتەوە و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویشی بەهۆیەوە داخستووە.