لە سلێمانی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بەرزبووەتەوە
بازاڕی سلێمانی بەهۆی دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرەو دۆخێکی نائاسایی هەنگاو دەنێت و نرخی کاڵا و شمەکی رۆژانە، بەتایبەت خۆراک، بەرز بووەتەوە.
ئەمرۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی تەواوی لەسەر بازاڕ دروستکردووە و جموجووڵی کڕین و فرۆشتن بەتەواوی سست بووە.
بازرگانانی کەلوپەلی خۆراکی بەهۆی نادیاریی نرخی دۆلارەوە رەتیدەکەنەوە کاڵاکانیان بخەنە بازاڕەوە. هاوژین جەمال گوتی "هەندێک لە کۆفرۆشان رایانگەیاندووە ئێستا کاڵاکانیان نافرۆشن و چاوەڕێ دەکەن، چونکە نازانن ئەو دۆلارەی پێیان دەدرێت بە 152 هەزار دینارە یان زیاتر، هەرچەندە بڕیار وایە دۆلار بەو نرخە بە بازرگانان بفرۆشرێت."
پەیامنێرەکە روونیکردەوە، ئەگەر ئەو کۆفرۆشانە بەردەوام بن لە نەفرۆشتنی کاڵاکانیان، کەمیی کاڵا لە بازاڕدا سەرهەڵدەدات و ئەمەش هۆکارێکی دیکە دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سەر هاووڵاتیان، هاوژین جەمال گوتی "ئەو کاڵایانەی نرخیان بەرزبووەتەوە زیاتر پێداویستییە سەرەکییەکانن، بۆ نموونە نرخی یەک کارتۆن چا 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە و نرخی برنجیش رووی لە هەڵکشان کردووە."
لەلایەکی دیکەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی داوایان لە فرۆشیاران کردووە رەچاوی دۆخی هاووڵاتیان بکەن و نرخەکان بەرز نەکەنەوە، چونکە ئەو بازرگانانەی ئێستا کاڵایان لە بەردەستە، پێشتر بە نرخی 132 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار کڕیویانە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر ئەمڕۆ لیژنە تایبەتەکانی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێرییەکی توندی بازاڕ دەکەن و بەراوردی نرخی کاڵاکان لە نێوان رۆژانی رابردوو و ئەمڕۆدا دەکەن، هەروەها جەختیانکردەوە هەر فرۆشیارێک بەبێ هۆکار نرخ بەرز بکاتەوە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
لە بەرامبەردا فرۆشیاران دەڵێن گرانبوونەکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، چونکە ئەوانیش ناچارن دۆلار بە نرخی بەرز بکڕن.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.