کوردستان24 کێشەی مووچەخۆرانی "دەرکار"ـی چارەسەر کرد

 لە دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24، کێشەی نەبوونی ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە ناحیەی دەرکار چارەسەر کرا و یەکەم ئامێر لەو ناحیەیە دانرا.

دوای گەیاندنی دەنگ و گازندە و داخوازییەکانی هاووڵاتییانی ناحیەی دەرکار و کۆمەڵگەکانی هیزاوا و بێرسڤ بە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دەرکار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە رێگەی کوردستان24ـەوە کێشەی نەبوونی ئامێری راکێشانی پارە (ATM) چارەسەر کرا و لە قۆناخی یەکەمدا، یەکەم ئامێر لە ناحیەکە دانرا.

مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند، پێشتر مووچەخۆران و فەرمانبەرانی ناحیەی دەرکار و هەردوو کۆمەڵگەی هیزاوا و بێرسڤ ناچاربوون بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە، سەردانی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەن.

پەیامنێرەکەمان ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی دووریی ناوەندی ناحیەی دەرکار لە ناوەندی زاخۆ زیاتر لە 15 کیلۆمەترە، ئەم هاتوچۆکردنە جگە لە دروستکردنی جەنجاڵییەکی زۆر لەسەر ئامێرەکانی زاخۆ، کات و تێچوویەکی زۆریشی لەسەر شانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست دەکرد و گلەیی و گازندەی لێ کەوتبووەوە.

لە دەرئەنجامی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، وەک قۆناخی یەکەم، یەکەم ئامێری راکێشانی پارە لە ناوەندی ناحیەی دەرکار دانرا. ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ مووچەخۆرانی سنوورەکە دەکات و لەمەودوا پێویست ناکات بۆ مووچەکانیان بچنە زاخۆ.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکان لێرەدا ناوەستن، بەڵکوو بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، وەک قۆناخی دووەم دوو ئامێری دیکەی راکێشانی پارە ببرێنە هەردوو کۆمەڵگەی هیزاوا و بێرسڤ و لەوێش دابنرێن. بەم هەنگاوەش کێشەی نەبوونی ئامێری راکێشانی پارە لە تەواوی ناحیەی دەرکار و دەوروبەری بە رێژەی 100% چارەسەر دەبێت.

رۆڵی کوردستان24 لە چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان تەنیا لە ناحیەی دەرکار نەبووە، بەڵکوو پێشتریش کێشەیەکی هاوشێوە لە قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا هەبوو. دوای گەیاندنی کێشەکە لەلایەن کوردستان24ـەوە بە قایمقامییەتی قەزای باتیفا، دەستبەجێ کێشەکە چارەسەر کرا و ژمارەیەک ئامێری راکێشانی پارە بۆ ئەو ناوچانەش دابین کران و کۆتایی بە کێشەی مووچەخۆران هێنرا.

پرۆژەی "هەژماری من" یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران. تا ئەمڕۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون و زیاتر لە 710 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون.