لە هەولێر شانۆگەری "لەچک" نمایش دەکرێت
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی شانۆیی لە هەولێر و لە ئەنجامی ئەو کۆڕ و سیمینارانەی لەژێر ناونیشانی "بوژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر" بەڕێوەچوون، بڕیارە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026 شانۆگەری "لەچک" لە دەرهێنانی مەولان حەمەدەمین، لە هۆڵی سەفوەت جەڕاح لە هەولێر نمایش بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەولان حەمەدەمین، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم شانۆگەرییە دەقێکی ئاوێتەیە و ژمارەیەک دەق تێکەڵ کراون و کاری دراماتۆرگی بۆ کراوە".
حەمەدەمین روونیکردەوە، نمایشەکە باسی رۆڵی ئافرەت لە جەنگ و نەهامەتییەکاندا دەکات، کە هەمیشە دەبنە قوربانیی یەکەم و خۆراکی جەنگ. ئەو دەرهێنەرە گوتی "وڵات سەردەکەوێت، بەڵام ئافرەت ماڵی چۆڵ و سارد دەبێت و وێران دەبێت، لە جەنگ و کوشتارەکاندا ئاوارە و بێلانە دەبێت؛ جگە لەوەش لەناو جەنگەکاندا رووبەڕووی دەستدرێژی و تاڵانی دەبێتەوە".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی نمایشەکە، حەمەدەمین روونیکردەوە، ئافرەت خۆڕاگرانە ئەو قوربانییانە تێدەپەڕێنێت، بەڵام پرسیاری فکریی سەرەکی بۆ بینەر ئەوەیە کە دوای کۆتاییهاتنی دەنگی جەنگ لە مەیدانەکاندا، ئەو جەنگە دەروونییەی بەجێدەمێنێت کە هەناوی کەسان بریندار دەکات و ژیانیان دەگۆڕێت.
حەمەدەمین جەختیکردەوە، دوای جەنگ، ئافرەت رووبەڕووی جەنگی دابونەریت، جەنگی کولتوور و کۆتوبەندی کۆمەڵگە دەبێتەوە و خۆڕاگرانە ئەو کۆتوبەندانەش تێدەپەڕێنێت.
دەرهێنەری شانۆگەرییەکە پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هەولێر کرد و باسی لەوەکرد "هیوادارین بینەران بێن و نمایشەکە ببینن تا هەوڵەکانمان لە بواری شانۆدا لە نزیکەوە هەڵبسەنگێنن. ئێمە خۆمان بە بەختەوەر دەزانین ئەمڕۆ لە دەستەی بوژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر نمایش دەکەین".
شانۆگەری "لەچک" لە دراماتۆرگی و دەرهێنانی مەولان حەمەدەمینە و دەقەکەی ئاوێتەیەک لە "ئادریانای دایک"ـی ئەمین مەعلوف بە وەرگێڕانی سۆنیا سدیق و "براکۆژی"ـی عەبدوڵڵا پەشێوە. ئەکتەرانی نمایشەکەش بریتین لە زیاد کەریم، شادی عوسمان و ئەحمەد دلێر.