کۆنسێرتی موزیکی "سەدای ناوەند" لە چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت

​ناوەندی کولتووری کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی کولتووری چەمچەماڵ، کۆنسێرتێکی موزیکی تایبەت بە ناونیشانی "سەدای ناوەند"، بە سەرپەرشتیی مامۆستا چۆمان هیوا، ئەمڕۆ شەممە، لە هۆڵی رۆشنبیریی چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت.

شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، چۆمان هیوا، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "گروپەمان لە 26 ئەندام پێکهاتووە، لە منداڵەوە تا گەورەساڵاان بەشدارە لە گرووپەکەمان و بەم ​کۆنسێرتەش نوێنەرایەتی پردێکی پەیوەندی دەکەین لە نێوان رەسەنایەتیی موزیکی کوردی و ئامێرە رۆژهەڵاتی و مۆدێرنەکاندا.

چۆمان هیوا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆنسێرتەکە گوتی "ناوەڕۆکی کۆنسێرتەکە ئاوێتەیەکە لە ریتم و مەقامە کوردییە رەسەنەکان لەگەڵ هارمۆنیی نوێدا لە ئامێرە کەلەپوورییەکان وەکو، دەف، بەکارھێنانی دەف لەلایەن بەشێکی زۆری ئەندامانەوە، رەنگدانەوەی رۆحی عیرفانی و رەسەنایەتیی موزیکی رۆژهەڵاتی و کوردییە."

سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە جەختی کردەوە "​ئامێرە ژێدارە کلاسیکییەکان وەکو، کەمان و گیتار و سەنتوور، بە ئامادەیی کەمانچەژەنە گەنجەکان و گیتارژەنەکان، رەهەندێکی سیمفۆنی و جیهانی دەبەخشێتە کۆنسێرتەکە و دەنگە رەسەنەکان رێکدەخاتەوە. هەروەها ​ئامێرەکانی وەکو، کۆنتراکت، ساز و باڵەبان، کلارنێت و ئۆرگ، هاوکارییەکی دەنگسازانەی بەهێز لە نێوان ئامێرە باکێشە نەریتییەکان و کیبۆرددا دروست دەکات بۆ دەوڵەمەندکردنی ریتم و ئاوازەکانی کۆنسێرتەکە."

سەبارەت بە پەیام و ئامانجی کۆنسێرتەکە، چۆمان هیوا دەڵێت "پەیام و ئامانجی سەرەکیی کۆنسێرتەکە دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی فەرهەنگییە لە نێوان نەوەکان و پاراستنی رەسەنایەتیی موزیکی کوردی لە رێگەی ئاوێتەکردنی لەگەڵ ریتم و هارمۆنییە مۆدێرن و جیهانییەکاندا."

چۆمان هیوا باسی لەوەش کرد "​کۆنسێرتەکە دەربڕی بەردەوامیی فەرهەنگی و گواستنەوەی ئەزموونی موزیکیە لە نێوان تەمەنە جیاوازەکاندا لە منداڵانەوە تا گەورەساڵان، هەروەها پەیامێکی هونەریی قووڵ دەگەیەنێت بۆ نوێکردنەوەی ئاواز و مەقامە فۆلکلۆرییەکان، بە جۆرێک کە رۆحی عیرفانیی ئامێرە کەلەپوورییەکانی وەک دەف لەگەڵ رەهەندی سیمفۆنیی ئامێرە رۆژئاوایی و ژێدارەکانی وەک کەمانچە و گیتار و کیبۆرددا بەیەکەوە ببەستێتەوە و رەسەنایەتیی مۆسیقای کوردی بە زمانێکی سەردەمییانەی دەوڵەمەند بباتە پێشەوە."