وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی سعوودیە

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکانی چەکدارانی حووسی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی مەدەنیی سعوودیەی بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، واشنتن لە راوێژی بەردەوامدایە لەگەڵ ریاز و بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.

شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نوسینگەی کوردستان24ی لە واشنتن راگەیاند، واشنتن بە نیگەرانییەوە لە پەلامارەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان دەڕوانێت و رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی مەدەنی سەرکۆنە دەکات، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان واشنتن و ریاز کردەوە و گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پتەوی لە تەنیشت شانشینی عەرەبستانی سعوودیە وەستاوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری حووسییەکاندا. ئێمە لە راوێژ و هەماهەنگییەکی زۆر نزیکداین لەگەڵ هاوبەشە سعوودییەکانمان و پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە دووپات دەکەینەوە."