ژمارەیەک پێشمەرگە بە هەورە بروسکە بریندار بوون
هەورەبروسکە لە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بەر چوار پێشمەرگە کەوت و بووە هۆی برینداربوونیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی ەکەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، رووداوەکە لە بارەگایەکی پێشمەرگە لە میحوەری خازر روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، برینی پێشمەرگەکان سووکە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
سەبارەت بە چۆنیەتیی رووداوەکە، پێشمەرگەیەکی بریندار گوتی: "کاتژمێر نزیکەی 10:00ـی بەیانی بوو لە کاتی ئەرکدا بووین، هەورەبروسکە لە بلاجکتۆرێکی کارەبای دا و بەو هۆیەوە من و سێ پێشمەرگەی دیکە بریندار بووین".
ئەو پێشمەرگەیە روونیکردەوە، ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت و برینی دوو لە پێشمەرگەکان سووکە، بەڵام دووانی دیکەیان بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبروسکەکە لە قاچ و پشتیان بریندار بوون.
هاوکات دکتۆرە سۆلین کاوە، پزیشکی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای فریاکەوتنی هەولێر رایگەیاند: "تەندروستیی هەرچوار پێشمەرگەکە جێگیرە".
دکتۆرە سۆلین روونیکردەوە، تەنیا یەکێکیان ئازارەکەی زیاترە، چونکە تەزووی کارەبای هەورەبروسکەکە بەهێز بەرکەوتووە و ماسولکەکانی زیانیان پێگەیشتووە و ئێستا لەژێر چاودێریدایە.