حاکمی پێنسلڤانیا داوای لێپرسینەوە لە ناتانیاهۆ دەکات
حاکمی پێنسلڤانیا رەخنە لە سیاسەتی ترەمپ و بایدن دەگرێت
جۆش شاپیرۆ، حاکمی ویلایەتی پێنسلڤانیا و بەربژێری ئەگەریی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2028، داوای لێپرسینەوەی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بەهۆی کردەوەکانی لە کەرتی غەززە. هەروەها رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە گرت بەوەی هەنگاوی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشی جەنگەکە نەناوە.
جۆش شاپیرۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ناتانیاهۆ بە سەرکردەیەکی شکستخواردوو وەسف کرد کە ئیسرائیلی بەرەو رێڕەوێکی مەترسیدار و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بردووە. شاپیرۆ روونیکردەوە، ئەو شێوازەی ئیسرائیل وەڵامی رووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی پێ دایەوە، زیانی بە خودی ئیسرائیل و ئەمریکاش لە ناوچەکەدا گەیاندووە.
حاکمی پێنسلڤانیا جەختیکردەوە، ئیسرائیل هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا دەبێت توانای کڕینی چەکی بەرگریی هەبێت، بەڵام پێویستە رێنمایی روون بۆ چۆنیەتی و کاتی بەکارهێنانی ئەو چەکانە هەبێت. ئەو رایگەیاند، پێی وانییە ترەمپ و بایدن بە شێوەیەکی کاریگەر هەژموونی ئەمریکایان بەکارهێنابێت بۆ دڵنیابوون لەوەی چەکەکان بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێن لەگەڵ بەهاکانی ئەمریکا بگونجێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە جەنگێکی لە دژی کەرتی غەززە بەرپاکردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 74 هەزار و برینداربوونی زیاتر لە 176 هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، سەرەڕای وێرانبوونی 90%ـی ژێرخانی کەرتەکە.
سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران، شاپیرۆ داوای لە ترەمپ کرد کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە. شاپیرۆ رەخنەی لە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا گرت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی بۆ گەلی ئەمریکا روون بکاتەوە.
حاکمەکەی پێنسلڤانیا گوتیشی "روونە کە ترەمپ، هێگسێت و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، هیچ بیرۆکەیەکیان نییە چۆن لەم تەنگژەیە دەربچن."
لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاشەوە، شاپیرۆ ئەو دانوستانانەی ترەمپ لەگەڵ مۆسکۆ ئەنجامیداون بە جێی شەرمەزاری بۆ وڵاتەکە وەسف کرد، حاکمی پێنسلڤانیا داوای لە ئەمریکا کرد بەپەلە پشتیوانییەکانی بۆ کیێڤ بەهێزتر بکات و کار بۆ بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی بکاتەوە.
شاپیرۆ جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا کردەوە، لە پاڵ هاوکاریکردن لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بە جۆرێک کە ئامانجەکانی رووسیا بەدی نەیەن.