سلێمانی.. ئالان فەتاح 30 تابلۆی هونەری لە پێشانگایەکدا نمایش کرد
ئالان فەتاح، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمە هونەرییەکانی کە زیاتر لە 30 تابلۆی لەخۆگرتووە، لە گەلەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی کردەوە.
چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، ئالان فەتاح، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پێشانگایە کۆمەڵێک لە نوێترین و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی من لەخۆدەگرێت، بە قەبارەی جیاواز ئامادەکراون و لە رووی بابەت و ناوەڕۆکەوە فرەچەشنن. هەر تابلۆیەک لەم پێشانگایەدا جیهانێکی تایبەت و پەیامێکی جیاواز لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەک سەردانکەر بتوانێت لە رێگەی وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی هەر بەرهەمێکەوە، خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ ناوەڕۆکی هونەرییەکە بکات."
ئالان فەتاح سەبارەت بە شێوازی تابلۆکانی لە پێشانگاکەدا گوتی، "هەموو تابلۆکانی ئەم پێشانگایە بە رێبازی ریالیستی کارم لەسەر کردووە؛ ئەو رێبازەی هەوڵ دەدات شتەکان و دیاردەکان بە شێوەیەکی نزیک لە واقیع و بە وردییەکی بەرچاو وێنا بکات. لەم رێبازەدا، وردەکارییەکان، شێوازی بەکارهێنانی رەنگ، رووناکی و سێبەر و پێکهاتەی ناو تابلۆ، رۆڵێکی گرنگ لە گەیاندنی بیرۆکە و پەیامی من دەگێڕن."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "من لە زۆربەی بەرهەمەکانم دا رەنگی زەیتی لەسەر کانڤاسم بەکارهێناوە، ئەو تەکنیکەی بەهۆی تایبەتمەندییەکانییەوە دەرفەتی کارکردنی ورد و دروستکردنی چینە جیاوازەکانی رەنگ و بەدەستهێنانی تۆن و سێبەری جیاواز بە من دەدات. بەکارهێنانی ئەم ماددەیە لەگەڵ رێبازی ریالیستی، یارمەتی داوم تابلۆکان بە وردەکاری و نزیکایەتییەکی زیاتر لە واقیع پێشکەش بکەم."
سەبارەت بە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگاکە، ئالان فەتاح دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێشانگایە جۆراوجۆریی بابەتەکانی تابلۆکانە؛ بەو مانایەی کە بەرهەمەکان لەسەر یەک بابەت یان بیرۆکەی دیاریکراو ناوەستن، بەڵکو هەر تابلۆیەک هەوڵێکی سەربەخۆی منە بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و گەیاندنی پەیامێکی تایبەت. ئەمەش دەرفەتێک بۆ سەردانکەران دروست دەکات تا لە رێگەی بینینی تابلۆ جیاوازەکانەوە، لەگەڵ چەندین بابەت و شێوازی دەربڕینی هونەریدا ئاشنا ببن."
ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەش دا، "جیاوازیی قەبارەی تابلۆکانیشم بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانی پێشانگاکە؛ چونکە بەرهەمەکان بە قەبارەی جیاواز ئامادەکراون و ئەمەش لە رووی پیشاندانی کارە هونەرییەکان و دروستکردنی ئەزموونێکی بینینی جیاواز بۆ سەردانکەران گرنگیی خۆی هەیە."
ئالان فەتاح، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە ساڵی 1977 لە سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی 1997 بەشی نیگارکێشانی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە و ساڵی 2003 کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. ناوبراو بە بەکارهێنانی رەنگە ئاوییەکان و رەنگە تایبەتەکان بۆ وێناکردنی دیمەنە سروشتی و کۆنەکانی شار و ژیانی کۆمەڵایەتی دەناسرێتەوە. هەروەها بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەشدا کردووە و خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەتە.

