%40ـی پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی سلێمانی-راپەڕین تەواو بووە
کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدکردنی رێگەی نێوان سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە خێرایی بەردەوامە و تا ئێستا 40%ی کارەکانی تەواو کراوە. لە چوارچێوەی ئەم قۆناخەدا، 11 کیلۆمەتر لە رێگاکە لە نێوان بێستانە و خەلەکان قیڕتاو کراوە و بەڕووی هاتوچۆی شۆفێراندا کراوەتەوە، هاوکات بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ 15 کیلۆمەتری دیکەشی تەواو بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند قۆڵێکی جیاوازەوە کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی نێوان سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە چڕی بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم رێگاکە بە پێوەر و ستانداردی مۆدێرن بەتەواوی بکرێتە دوو ساید.
لە ماوەی رابردوودا 11 کیلۆمەتری رێگاکە لە نێوان هەردوو ناوچەی بێستانە و خەلەکان بە تەواوی قیڕتاو کرا و بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە، هاوکات کارکردن بەردەوامە تا پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ 15 کیلۆمەتری دیکەی رێگاکە لە سنووری ناحیەی خەلەکان تەواو بکرێت.
یەکێک لە بەشە ئەندازیارییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی پردی فڕیزەڵە کە درێژییەکەی دەگاتە 380 مەتر و ئێستا کارکردن تێیدا لە قۆناخی جێبەجێکردنی پێشکەوتوودایە، کە کارئاسانییەکی زۆر بۆ جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان لەو ناوچەیەدا دەکات.
پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی سلێمانی-راپەڕین زیاتر لە 840 هەزار مەتر چوارگۆشە قیڕتاوکردن لەخۆ دەگرێت، و لە رێگەی بەکارهێنانی سەدان ئامێری قورس و بەشداریپێکردنی دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت؛ بە تەواوبوونی تەواوی پڕۆژەکەش، ئاستەنگییەکانی هاتوچۆ و رووداوەکانی هاتووچۆ لە نێوان سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕیندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە.