هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە سفر
ئیدارەی وزەی ئەمریکا لە داتایەکی نوێدا ئاشکرایکرد، هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا وەستاوە و بۆ ئاستی سفر دابەزیوە.
دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی نوێترین داتاکانی ئیدارەی وزەی ئەمریکا، تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نۆ وڵاتی سەرەکییەوە لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 6.145 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بڕەش بەراورد بە هەفتەی پێشوو کە تێکڕاکەی 4.949 ملیۆن بەرمیل بوو، بڕی 1.196 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە.
لە بەشێکی دیکەی داتاکاندا هاتووە، هاوردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە کاتێکدا گەیشتووەتە سفر، هەفتەی پێشوو ئەو بڕە 51 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا روونیکردەوە، زۆرترین بڕی نەوتی هاوردەکراوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا لە کەنەداوە بووە بە تێکڕای 3.891 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. پاش ئەویش ڤەنزوێلا بە 624 هەزار بەرمیل، نێجیریا بە 376 هەزار بەرمیل و گویانا بە 354 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دێن.
بەپێی خشتەی داتاکان، بڕی هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە بەرازیلەوە 301 هەزار بەرمیل، لە سعوودیە 228 هەزار بەرمیل، لە مەکسیک 186 هەزار بەرمیل، لە ئەرجەنتین 112 هەزار بەرمیل و لە کۆڵۆمبیاش 73 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.
ئەمریکا زۆربەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتە سەرەکییانە هاوردە دەکات. تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی نەوت ئەمریکا بە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت و بە گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.