سامان عوسمان لە قاهیرە بڕوانامەی 'دکتۆرای فەخری' پێبەخشرا
سامان عوسمان، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە چالاکییەکی هونەری نێودەوڵەتیدا، کە لەلایەن ئەکادیمیای پایتەختی کارگێڕیی نوێ بۆ هونەر و کولتوور و رۆشنبیری، لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو، بڕوانامەی "دکتۆرای فەخری" پێبەخشرا.
دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، سامان عوسمان،، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم چالاکییە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچووە و لە چوارچێوەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکاندا، تابلۆکەی من سەرنجی رێکخەرانی راکێشاوە و لە نێو رکابەرییەکی سەختدا زیاتر لە 1300 هونەرمەند بەشدارییان تێدا کردووە، تەنیا 10 تابلۆ هەڵبژێردراون و منیش بە تابلۆیەک توانیم ببمە یەکێک لەو بەرهەمانەی بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی دیاری کراون."
سامان عوسمان سەبارەت بە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە گوتی، "بەدەستهێنانی دکتۆرای فەخریش بۆ من سەلماندنێکی ترە لەسەر قورسایی هونەر و پێگەی راستەقینەی ئەو بەرهەمانەی بە دڵسۆزی و داهێنان پێشکەشی جیهان دەکرێن. هەروەها بەهۆی ئۆنلاینبوونی چالاکییەکەوە نەمتوانیوە بە شێوەی راستەوخۆ لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بم، بەڵام ئەمە رێگری لە بەردەوامیی بەشداریی هونەرییەکەم نەکردووە و بەرهەمەکانم لە رێگەی ناردنی تابلۆوە پێشکەش بە رێکخەرانی چالاکییەکە کردووە."
ئەو هونەرمەندە جەختی کردەوە، "دوو تابلۆم بۆ ئەم چالاکییە ناردووە. لە قۆناخی یەکەمدا، بۆ یەکێک لە تابلۆکانم بڕوانامەیەکم پێ بەخشراوە و دواتر، دوای ناردنی تابلۆی دووەم، بڕوانامەی دکتۆرای فەخریم وەرگرتووە. ئەم دوو قۆناخە بۆ من ئەزموونێکی گرنگ بووە، چونکە جگە لە بەدەستهێنانی خەڵات، دەرفەتێکی دیکەشی بۆ ناساندنی زیاتر بەرهەمەکانم لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان رەخساندووە."
سامان عوسمان باس لە کایەی هونەری وەک بەرهەمی داهێنان دەکات و دەڵێت، "من باوەڕم وایە، هونەر بەرهەمی داهێنانە، نەک قسە و پڕوپاگەندە، چونکە بەهای راستەقینەی هونەر لە خودی بەرهەم و توانای هونەرمەنددا خۆی دەبینێتەوە و بەوەی بەرهەمێک جێگەی خۆی لە نێو چالاکییە هونەرییەکاندا بکاتەوە، کوالێتی و شێوازی دەربڕین و پەیامی ئەو بەرهەمەیە."
ئەو هونەرمەندە سەبارەت بەو ناوەندە ئەکادیمییە باسی لەوە کرد، "ئەم ناوەندە قەوارەیەکی سەربخۆی نێودەوڵەتییە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کراوە. ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە برەودانە بە هونەر، کولتوور، بوارەکانی داهێنانی فیکری و هونەری. ئەکادیمیاکە بە شێوەیەکی خولی یان ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ کارە هونەری، ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی کەسایەتییەکان دەکات لە ناوچە جیاوازەکاندا و بڕوانامەی دکتۆرای فەخری یان خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش دەکات وەک پێزانینێک بۆ بەشدارییە بەنرخەکانیان لە بواری جیهانی هونەر و کولتووریدا."
سامان عوسمان، شێوەکار و ئەکتەرێکی ناسراوی کوردە و دانیشتووی سلێمانییە. بەشداریی لە چەندین بەرهەمی هونەری درامادا کردووە. ناوبراو یەکێکە لە شێوەکارە بە ئەزموونەکانی کورد و تا ئێستا لە رێگەی تابلۆکانییەوە چەندین خەڵاتی بەدەستهناوە.