تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا مانگانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە

عەزیز ئەحمەد،
عەزیز ئەحمەد،

عەزیز ئەحمەد رایگەیاند، بۆ بەرهەمهێنانی 4,000 مێگاوات کارەبا مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار هەیە، لە کاتێکدا داهاتی ئێستای کەرتی کارەبا نزیکەی 80 ملیۆن دۆلارە و هێشتا بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهینانە داراییە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هێشتا هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی تێچووی کەرتی کارەبادا کورتهێنانی دارایی هەیە، روونیکردەوە، بەرهەمهێنانی 4,000 مێگاوات کارەبا مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار هەیە.

عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش داوە، "داهاتی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلارە"، دەشڵێت، لەو بڕەش نزیکەی 60 ملیۆن دۆلاری دوای لێدەرکردنی تێچووی کارگێڕی و مرۆیی، لە سندووقی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری وزەدا دادەنرێت. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لە پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییەی بەهۆی تێچووی ئەم کەرتەوە دروست بووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەزیز ئەحمەد روونیکردەوە، نزیکەی دوو ملیۆن هاوبەش سوود لە کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن. گوتیشی: بەر لە دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی، پسوولەکانی بەکاربردن تەنیا دەگەیشتە 40%ـی هاوبەشان و تەنیا 30%ـیان پابەندی پێدانی بوون، ئەم دۆخەش بووە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی دارایی گەورە، بەڵام بەهۆی پڕۆژەکەوە داهاتەکە بۆ نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا بەرز بووەتەوە.

عەزیز ئەحمەد رایگەیاند، پڕۆژەی رووناکی تا کۆتایی ئەمساڵ بە رێژەی 100% لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبایە بۆ هاووڵاتییان بە درێژایی 24 کاتژمێر، جگە لە دوو وەرزی سەرەکی بەکاربردن لە هاوین و زستاندا، کە تێیدا خواست لەسەر وزە بەرز دەبێتەوە و ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی زیاتری هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە.

سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی فیدراڵی ئامادەییی خۆی بۆ هەماهەنگی لەم بوارەدا دەربڕیوە، جەختیکردەوە، تا ئێستا هیچ شوێنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەزموونە دیاری نەکراوە تا پاشان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و ئەگەری گشتاندنی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکە تاوتوێ بکرێت.