دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە رێگەی کۆمپانیایەک، رەزامەندیی دراوە دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیارانی کوردستان بدێت. هاوکات ئاشکرای کرد، نرخی تیکتی فڕۆکە بەهۆی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار و دینارەوە بەرز بووەتەوە.

سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24 گوتی: رەزامەندی دراوە لە رێگەی کۆمپانیایەک دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بدێت.

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە وەک یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، پەیوەندیمان کرد بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، "ئەوان رایانگەیاند؛ لەگەڵ بانکی ناوەندی کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆمپانیاکە لە نێو هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەستبەکار بێت و دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران بدەن".

لاوەند مەموندی، سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تیکتی فرۆکە لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی ئاشکرای کرد، گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار و دینار هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان؛ چونکە لە بەغدا نرخی گەشت بە دینار هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی بەهای دینار دابەزیم راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی تیکتەکان دروست کرد.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، پرسی دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە بابەتە جێی مشتومڕەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؛ دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق پرۆسەی پێدانی دۆلاری بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی راگرت، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لای هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و ناچاری کردن بۆ دەستکەوتنی ئەو پشکە، ڕوو لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق بکەن.

هەروەها لە رۆژی چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیارێکی نوێی دەرکرد، کە بەپێی ئەوە، پشکی نەختینەی مانگانەی گەشتیارانی لە سێ هەزار دۆلارەوە بۆ دوو هەزار دۆلاری ئەمریکی کەم کردەوە.