سێنتکۆم کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداوی عومان پەکدەخات

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە لە کەنداوی عومان کەشتییەکی بازرگانییان پەکخستووە، ئەمەش دوای ئەوە هات، تیمی کەشتییەکە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی چەندبارە، هەوڵیاندا گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بشکێنن پاش ئەوەی بەندەرێکی ئێرانییان بەجێهێشتووە.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە چەند تەقەمەنییەکی وردی ئاراستەکراوی بەکارهێناوە و بەر دواوەی کەشتیی "پاسێفیک ئارتچەر" کەوتووە، ئاڵای پالاوی هەڵکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی لەکارکەوتنی سیستەمی بزوێنەری کەشتییەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بە تیمی مەدەنیی کەشتییەکە بگات.

کەشتییە بارهەڵگرەکە دوای ئەوەی بەندەر عەباسی ئێرانی بەجێهێشتووە، هەوڵیدا بەناو ئاوە هەرێمییەکاندا تێپەڕێت. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوامیی سەپاندنی گەمارۆکە، بە جۆرێک هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 158 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە پابەندبوون بە رێنماییەکان، هاوکات شەش کەشتیی دیکەشیان پەکخستووە کە رەتیانکردووەتەوە پابەندبن.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوای لە سەرجەم ئەو مەلەوانانە کردووە کە لە کەنداوی عومان و دەروازەکانی گەرووی هورمز کاردەکەن، پابەندی ئەو ئاگادارییانە بن کە لەلایەن هێزەکانیانەوە سەبارەت بە گەمارۆکە دەردەچن.

لە بەرامبەردا، تاران رایگەیاندووە، بە هۆی بەردەوامیی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە، ئامادە نین گەرووی هورمز بکەنەوە و رێگە بە هیچ کەشتییەکی سەر بە واشنتن نادەن بەو گەرووەدا تێبپەڕێت، کەشتییەکانی دیکەیش دەبێت سەرەتا رەزامەندی لە ئێران وەربگرن ئینجا دەتوانن بە هورمزدا بڕۆن.