زیاتر لە 100 چەکداری حووسی لە یەمەن کوژران

 هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"دا 726 چالاکیی سەربازییان دژی میلیشیا حووسییەکان لە تەواوی بەرەکانی جەنگدا بەڕێوەبردووە. ئەو چالاکییانە بوونەتە هۆی کوژرانی 121 سەرکردە و چەکداری گرووپەکە و تێکشکاندن یان لەکارخستنی 81 ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ماجد نەزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، چالاکییەکان پێکهاتوون لە 23 هێرشی ئاسمانی، 642 چالاکیی تۆپخانەی مەیدانی، 35 چالاکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها 26 چالاکیی بە هاویشتنی مووشەکی فرەهاوێژ.

هێزە چەکدارەکان بە پاڵپشتیی بەردەوامی ئاسمانی و هێزەکانی بەرگریی جەماوەری لە پارێزگای تائیز، شەڕی بەرگری و هێرشبەریی توندیان بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی میلیشیاکە دەستیانپێکردووە. نەزیلی جەختیکردەوە، پێگە و کۆبوونەوە و هێزە پشتیوانییەکانی حووسییەکان لە بەرەکانی زەباب، سوبەر و هەردوو بەرەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە کراونەتە ئامانج.

نەزیلی روونیکردەوە، میلیشیاکە زیانی گیانی و مادیی زۆری لە مەعبەق و سۆالحە لە چوارچێوەی بەرەکانی باکوور و رۆژئاوای پارێزگای مەئریب، جەوف، تۆری باحە و موقاتەرە پێگەیشتووە. لە بەرەی کەرەشیش، فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانی میلیشیاکەیان لە چیای تەنەسەم و حوامەرە کردە ئامانج.

 نەزیلی روونیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان پێگە و هێزە پشتیوانییەکانی حووسییەکانیان لە بەرەی مەکیرەس، زالیع و شەبووە بۆردومان کردووە. هێزەکان توانیویانە جووڵە و کۆبوونەوەکان و پێگەی قەناس بەدەستەکان و شوێنی هاوەنەکانی میلیشیاکە لە ناو ببەن و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی سەنگەری نوێ پەک بخەن.

گوتەبێژەکە جەختیکردەوە، هێزە چەکدارەکان کارە هێرشبەرییەکانیان دژی میلیشیا حووسییەکان بە ئامانجی لەناوبردنی توانای سەربازی و چاودێریکردنی جووڵەکانیان لە هەموو میحوەر و بەرەکانی جەنگ درێژەپێدەدەن. نەزیلی دووپاتیکردەوە، هێزەکان تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.