پڕۆژەی رووناکی: سبەی فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە کراوەن

پڕۆژەی رووناکی لە ئاگادارییەکی بە پەلەدا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە سبەی هەینی سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە کراوە دەبن، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە دەرفەتی داشکاندنی 50%ـی قەرزە کۆنەکانیان سوودمەند بن پێش ئەوەی مۆڵەتەکە کۆتایی بێت.

پڕۆژەی رووناکی، لە راگەیەنەراوێکدا هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەتەوە و دەڵێت: بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرتاسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، سبەی ڕۆژی هەینی، لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی تاوەکوو کاتژمێر 4ـی ئێوارە کراوە دەبن و پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەن.

بە پێی راگەیەنەراوەکە، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە قەرزی کۆنی کارەبای پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکییان لەسەر ماوە، تاوەکوو بتوانن لە بڕیاری داشکاندنی بە رێژەی %50 سوودمەند بن.

پڕۆژەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە تەنیا 3 رۆژ ماوە، دوای تەواوبوونی ئەم وادە دیاریکراوە، سەرجەم ئەو قەرزانەی لەسەر هاوبەشان ماونەتەوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانە و دەکرێنە قیست.