فەرماندەی سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی زیانی 25 ملیار دۆلاری لە نەوتی ئێران داوە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، لەوانەش میلیشیاکانی عێراق، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی پارە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابوورییەی کە دوای 9 مانگ لە جەنگ رووبەڕووی بووەتەوە.

 براد کووپەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە درەنگانی شەوی رابردوو لە پلاتفۆڕمی ‘ئێکس' بڵاویکردەوە و گوتی:  گەمارۆی دەریایی زیانێکی گەورەی بە بڕی نزیکەی 25 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران داوە، ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە لە هەفتەکانی رابردوودا توانیویانە 350 ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێرانی کە بە شێوەی دراوی ئەلیکترۆنی (کریپتۆ) هەڵگیرابوون بلۆک بکات..

ڤراد کووپەر لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، گرووپە چەکدارەکان، لەوانەش حزبوڵڵا، حەماس و میلیشیاکانی عێراق، بۆ ماوەی چەندین ساڵ پشتگیریی داراییان لە سوپای پاسدارانەوە وەرگرتووە، بەڵام ئێستا داوایان لێ دەکرێت ئەو پارانە بگەڕێننەوە.

ئەو فەرماندەیەی سێنتکۆم گوتیشی: فشارە دارییەکان لەسەر دامەزراوەی سەربازیی ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز، تا ئەو رادەیەی راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە مووچەی چەکدارەکانیان دەبڕن بۆ ئەوەی پارەکە بۆ سوپای پاسداران بگوازنەوە، کە ئەوانیش لە لای خۆیانەوە بۆ دابینکردنی مووچەی هێزەکانیان تووشی سەختی بوونەتەوە.

براد کووپەر ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی ئێران مووچە، پاشەکەوت و ئیمتیازاتەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی، لەوانەش ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای پاسدارانیشی راگرتووە.

کووپەر زیادبوونی بەرچاو هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە دۆخێکی نائومێدکەر و بێهیوایی لەناو سوپای پاسدارانی ئێراندا بڵاوبووەتەوە.