سوپای پاسداران: دووەمین سوپەرنەوتهەڵگر بەر مین کەوت

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، بەیانیی ئەمڕۆ دووەمین سوپەرنەوتهەڵگر بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی دووچاری تەقینەوەیەکی گەورە بووە و لە جووڵە کەوتووە؛ ئاشکراشی دەکات کە کەشتییەکە هەڵگری زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بووە.

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، دووەمین کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر (سوپەرنەوتهەڵگر) لە کاتی تێپەڕبوونیدا، بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو کەشتییە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بارکردبوو، هاوکات تاران کەشتییەکە بە سەرپێچیکار ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەوەی بە فێڵی سوپای ئەمریکا و لە رێڕەوێکی نایاساییەوە هەوڵی تێپەڕینی داوە، دوای ئەوەی سەرجەم سیستەمەکانی رادار و دیاریکردنی شوێنی (GPS) لەسەر کەشتییەکە کوژاندووەتەوە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرکەوتنی مینەکە بووەتە هۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ژووری بزوێنەرەکانیدا مەکینەخانە و بەو هۆیەوە سوپەرنەوتهەڵگرەکە لە شوێنی خۆیدا پەکیکەوتووە و لە جووڵە وەستاوە.

هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردبووەوە ، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە گەرووی هورمزدا، بەرمینکی دەریا کەوتووە و کەشتییەکە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و هەوڵیداوە بەشێوەیەکی نایاسایی و لە رێڕەوێکەوە تێپەڕبێت کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رێگەی پێ نەدراوە.