هاوبەشان تا کاتژمێر 12 دەتوانن لە داشکاندنی قەرزی کارەبا سوودمەندبن

وەزارەتی کارەبا رادەگەینێت، بۆ ئەوەی 50,000 هاوبەشی رووناکی سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسوولەی مانگانەی رووناکییان، کە کۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن وەک بەشێک لە کارئاسانییەکانی پڕۆژەی رووناکی.

ئەمڕۆ یەکشەمممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆتان لە ئی-پسوولە بکەن. ئەگەر قەرزی کۆن جارێکی دیکە لە هەژمارەکەتاندا دەرکەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە پسوولەی مانگانەی رووناکییەکەت گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن، بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێک سوودمەند بیت لە داشکاندنی 50%ـی کارەبا. لە هەمان کاتیشدا، ئەگەر خۆت تۆمار کردبێت، لەڕێگەی کورتانەمەشەوە ئاگادارت دەکەینەوە کە ئەم داشکاندنە دەتگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێکراوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسوولەیان بۆ نەهاتبوویەوە و ئێستا پسوولەیەکی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی سوود لەم داشکاندنە وەرگرن. 

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، هاوبەشان تا کاتژمێر 12ی شەوی ئەمڕۆ کاتیان هەیە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لە داشکاندنەکە.