نرخی دۆلار لە بازاڕەکان بەرز دەبێتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت

بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی نوێ تۆمار دەکات و نزیک دەبێتەوە لە 170 هەزار دینار؛ پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی ئاماژە بە دەستوەردانی سیاسی و کەمیی دۆلاری کاش دەکات، هاوکات گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێریش پێشبینی دەکات بەهای 100 دۆلار بگاتە 171 هەزار دینار.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان و عێراق، نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک ئێستا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە نێوان 168 هەزار و 700 دینار بۆ 169 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندیی راستەوخۆی بە کەمبوونەوەی دۆلاری کاش لە بازاڕدا هەیە، هاوکات دەستی هەندێک لایەنی سیاسی هەیە لە یاریکردن بە نرخەکان و دروستکردنی شڵەژان لە نێو بازاڕدا تا نرخەکان بەرز ببنەوە. جەختیشی کردەوە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هیچ بڕیار و ڕێکارێکی نوێ نەگیراوەتەبەر کە گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دراوەکاندا دروست بکات.

لە لایەکی دیکەوە، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی دۆلار بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلاری کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەگەڕێتەوە.

کەیفی خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بانکی ناوەندی هیچ بەرچاوڕوونی و روونکردنەوەیەکی فەرمی نەداوەتە بازاڕ و هاووڵاتییان، پێشبینی دەکرێت نرخی 100 دۆلار زیاتر بەرز ببێتەوە و بگاتە ئاستی 171 هەزار دینار.