دەگمەنترین بنەماڵەی لە مێژووی تۆپی پێ
سەرجەم ئەندامانی خێزانێک یاریزانی تۆپی پێن
خانەوادەکەی کڵاودیۆ ڕێینا؛ کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئەمریکا ناودارترین و دەگمەنترین بنەماڵەن لە مێژووی تۆپ پی، کڵاودیۆ رێینا لە مۆندیال یاری کردووە و گۆڵی کردووە بە هەمان شێوە خێزان و کچ و کوڕەکەشی لە مۆندیال گۆڵیان کردووە و دەشتوانن یاریی بۆ 5 وڵاتی جیاواز بکەن.
بنەماڵەی ڕێینا وەک دیارترین بنەماڵەی وەرزشی لە مێژووی تۆپی پێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەناسرێن، کە توانیویانە یاریی بۆ چەندان ئاستی جیاوازی هەڵبژاردەکانی ئەمریکا بکەن و ژمارەی پێوانەییش تۆمار بکەن.
مێژووی ئەم خێزانە بە کلاودیۆ ڕێینای باوک دەستپێدەکات، کە یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی ئەمریکا؛ کلاودیۆ لە 112 یاریی نێودەوڵەتیدا کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی بووە و لە چوار مۆندیالدا (1994، 1998، 2002 و 2006) یاریی کردووە، جگە لە کاروانێکی پڕ لە سەرکەوتن لە ئەوروپا لەگەڵ یانەکانی وەک بایەر لیڤەرکوزن، فۆڵفسبۆرگ، رێنجەرز و سەندەرلاند.
لەلایەکی دیکەوە، دانیێل ئیگانی دایکیش یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا بووە و لە خولی زانکۆکاندا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تا سەرەتای ساڵەکانی 2000 چەندین نازناوی گەورەی بەدەستهێناوە.
جیۆ ڕێینای کوڕیان، لە ساڵی 2020 و لە تەمەنی 17 ساڵییەوە چووە ریزی هەڵبژاردەی یەکەمی پیاوانی ئەمریکا و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە بەدەستهێنانی سێ نازناوی خولی نەتەوەکانی کۆنکاکاف، بەتایبەت لە ساڵی 2024 کە وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا، هاوکات خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە دروستکردنی گۆڵ لە یارییە کۆتاییە یەکلاکەرەوەکاندا.
بێجگە لەمەش، جیۆ رێینا هاوسەرگیری لەگەڵ یاریزانێکی تۆپی پیدا کردووە بە ناوی کلۆوی، کە لە ئاستی تۆپی پیی زانکۆکاندا یاری دەکات.
لە هەمان کاتدا، کارۆلینا رێینای خوشکیشی لەسەر هەمان رێچکە دەڕوات و درێسی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە مۆندیالی کچانی ژێر 17 ساڵ دەپۆشێت و یەکەمین گۆڵی خۆشی تۆمار کرد.
بەهۆی ئەم دەستکەوتانەوە، خێزانی ڕێینا بوونە یەکەم بنەماڵە لە مێژووی ئەمریکادا کە سێ ئەندامی (باوک، دایک و کوڕ) یاری بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی وڵات بکەن و چوار ئەندامیش لە ئاستە جیاوازەکانی دیکە نوێنەرایەتی ئەمریکا بکەن، کە لە دایک و باوک و خوشک و برا پێکهاتبن، چونکە لە ئاستی خێزانی مەزن لە هوندۆراس دوو برا و کوڕەکانیان وەکو یەک بنەماڵە، نەک یەک خێزان نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکەیان کردووە.
کارۆلینا ڕێینا، شوێنپێی باوکی لە مۆندیال هەڵگرتووە لە پاڵەوانێتیی خانمانی ژێر 15 ساڵانی کۆنکاکاف 2024 بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ، خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی وەک باشترین گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا.
درەوشاوەیی کارۆلینا لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکانیشدا بەردەوامە، کاتێک لە جامی جیهانی خانمانی ژێر 17 ساڵانی فیفادا لە مەغریب و لە یاریی بەرامبەر ساموا دوو گۆڵی تۆمار کرد.
ئەم دەستکەوتانە دەیسەلمێنن کە کارۆلینا نەک تەنیا گۆڵی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، بەڵکو وەک گۆڵکار و هەڵگری خەڵاتی فەرمیی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانیش ناوی خۆی لە تۆپی پێی ئەمریکادا تۆمار کردووە.
بێجگە لە کارۆلینای کچی ئەو بنەماڵەیە، جۆو رێینای کوڕیشیان لە ئاستی لاوان و خولی زانکۆکانی ئەمریکادا بە هەمان رێچکەی بنەماڵەکەیدا دەڕوات.
ئەمە لە کاتێکدایە بنەماڵەی رێینا لە 2012 تووشی خەم و شۆکێکی گەورە بوون کاتێک جاک ڕێینای کوڕە گەورە و بەهرەمەندەکەیان لە تەمەنی 13 ساڵیدا بە نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشک کۆچی دوایی کرد.
کلۆوی رێینا، بووکی خێزانەکەش، هاوسەری جیۆ رێینا، لە ئاستی خولی زانکۆکانی ئەمریکا یاری دەکات و وەک یەکەمین بووکی بنەماڵەکە بە هەمان شوێنپێێ ئەو خێزانەدا دەڕوات.
ئەم میراتە وەرزشییەی خێزانی رێینا بەردەوامە و بەڵێنیشیان داوە، منداڵەکانیشیان لەو بوارە بەردەوام بن.
بیجگە لەمەش، جیۆ رێینا، ئەستێرەی دیاری ئێستای ئەمریکا، کە بە ناوی جیۆڤانی ڤان برۆنکهۆرستـی ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا ناونراوە، کە لە ڕێنجەرز هاوڕێی باوکی بووە، جیۆ لە شاری سەندەرلاندی ئینگلتەڕا لەدایکبووە و بەهۆی فرەڕەچەڵەکیی بنەماڵەکەیەوە، پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا، مافی نوێنەرایەتیکردنی چوار پێنج هەڵبژاردەی نێودەوڵەتیی هەبوو: ئەمریکا، ئینگلتەڕا (شوێنی لەدایکبوونی)، ئەرژەنتین (بەهۆی باپیرەیەوە)، و پورتوگال (بەهۆی داپیرەیەوە) و ئەڵمانیا.
لە سەرەتای دەرکەوتنیدا لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆند، جیۆ ڕێینا بووە جێگەی سەرنجی زلهێزەکانی تۆپی پێ؛ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرژەنتین لە ڕێگەی فێرناندۆ باتیستای راهێنەری ئەوکاتی لاوانەوە بە فەرمی پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کرد تاوەکو نوێنەرایەتیی تانگۆ بکات، لە هەمان کاتیشدا یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەڕا و گاریس ساوسگەیت بەهۆی لەدایکبوونی لە شاری سەندەرلاند هەوڵیان دا رازی بکەن درێسی «سێ شێرەکە» بپۆشێت، بەڵام خێزانەکەی سەرجەم ئەو داواکارییانەیان رەتکردەوە و لە ئازاری 2020ـدا، جیۆ بە فەرمی کۆتایی بە هەموو دەنگۆکان هێنا و رایگەیاند: «بۆ من بابەتەکە یەکلا بووەتەوە؛ تەنیا دەمەوێت بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکا یاری بکەم، چونکە ئێرە ماڵی منە."