روبیۆ: ئاگادار نین ستارلینک لە ئۆکڕانیا سنووردار کراوە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەتی کردەوە وڵاتەکەی پێشوەختە ئاگاداری سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی ستارلینک لە ئۆکرانیا بووبێت، هاوکات کۆبوونەوەکانی نێردەی تایبەتی ترەمپی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئەرێنی وەسف کرد.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی نەبووە لەبارەی کێشە و خاوبوونەوەی خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک و ستارشیڵد، کە سوپای ئۆکرانیا لە بەرەکانی جەنگدا پشتی پێ دەبەستێت. ئاماژەی بەوەش دا،کۆمپانیای سپەیس ئێکس کەرتی تایبەتە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانی ئیلۆن مەسکەوە نییە و ناتوانێت فەرمانی بەسەردا بکات.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە نەرویج بە ئەرێنی وەسفکرد و ئاشکرای کرد، ویتکۆف بە پێشنیاز و بیرۆکەی نوێوە رووی لە سان پێترسبۆرگ کردووە تاوەکو لەگەڵ سەرکردەکانی رووسیا کۆ بێتەوە.

پرسی سنووردارکردنی خێرایی ستارشیڵد دوای ئەوە دروست بوو کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کرد ئیلۆن مەسک بە بڕیاری خۆی هێڵەکانی لەسەر ئۆکرانیا کەم کردووەتەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هێرشەکانی کیێڤ بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا. هاوکات کۆشکی سپی لە رێگەی گەشتە دیپلۆماسییەکانی نێردەکەیەوە پەلە دەکات بۆ ناچارکردنی کیێڤ و مۆسکۆ بە ئاگربەست پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ئەمریکا.