لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10ـی رادەستی بەغدا کرد، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو پارەکە خەرج بکرێت و دابەشکردنی مووچە دەست پێبکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10 و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـیان بە فەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد.

 پێشتر ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم، شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانم بۆ ئەو مەبەستە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتبوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت. هەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادە دەکات.

هەروەها بڕیارە دەستبەجێ دوای گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەست پێبکات.

لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە و دوای دەرچوونی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، پرسی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵ. بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، پێویستە مانگانە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەخۆران بە وردی ئامادە بکات و لەگەڵ راپۆرتی دارایی (تەرازووی پێداچوونەوە)ـی مانگی پێشوو رادەستی بەغدای بکات.