وەزارەتی کارەبا: هەوڵی چارەکردنی پچڕانی کارەبا لە ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دەدەین

بەهۆی کارەکانی سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی پاڵەپەستۆی بەرزی کارەبا لە هەولێر زیانیان بەرکەوت و کارەبای زیاتر لە 72 هەزار هاووڵاتی پچڕا. وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم، بەهۆی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانیان بەرکەوتووە. ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پاڕک لە شاری هەولێر.

وەزارەتەکە روونی کردەوە، بەهۆی ئەم رووداوەوە نزیکەی 72 هەزار هاووڵاتی رووبەڕووی پچڕانی کارەبا بوونەتەوە. ئەو گەڕەک و ناوچانەی کێشەکەیان تێدا دروست بووە بریتین لە نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد.

لەم بارەیەوە وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، تیمەکانی چاککردنەوەی سەر بە وەزارەت و پڕۆژەی رووناکی بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری کێشەکە بکەن. پێشبینیش دەکرێت ئەمشەو دەست بە گەڕانەوەی کارەبای ئەو ناوچانە بکرێت.