بەگوژمەی سەدان ملیۆن دینار بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر دانرا

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوژمەی 717 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناخەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندی کۆری و گردجووتیار لە شاری هەولێر دانرا.

رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکان بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو.

پڕۆژەکان پێکهاتوون لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو دوو ناوچەیە؛ لە گوندی کۆری کارەکان بریتین لە کردنەوەی شەقامە ناوخۆییەکان و تێکەڵەڕێژکردنی (زۆنی A)، هەروەها لە گردجووتیاریش پڕۆژەکە پێکهاتووە لە رووپێویکردن و دانانی سەرەبلۆک بۆ یەکەمجار لەو کەرته‌دا.

لەوبارەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە دەزگاکانی راگەیاندنی گوت: ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی کارە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکە نوێیەکان. جەختی لەوەش کردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای سەختیی بارودۆخی دارایی، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان لە هیچ بارودۆخێکدا ناوەستن و بەردەوام دەبن.

لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە قۆناخی یەکەمی ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە تازەکانی هەولێر و وەڵامدانەوەی داواکاریی هەنووکەیی دانیشتووانی ئەو سنوورانەیە، گوتیشی: بەهۆی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازیی ناوخۆیی، توانراوە لەسەر داهاتی ناوخۆ خزمەتگوزارییەکان بەردەوامییان هەبێت. لە کۆتاییشدا دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە.