نیان ئەحمەد: پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب جووڵەی ئابووریی هەولێر دەبووژێنێتەوە
لە میانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی چاپ و بڵاوکردنەوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پێشانگاکە تەنیا رووداوێکی رۆشنبیری نییە، بەڵکوو بووەتە گرنگی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا.
نیان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریکردنی 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 18 بۆ 20 وڵاتی جیاواز و نمایشکردنی نزیکەی ملیۆنێک و نیو ناونیشانی کتێب، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دروست کردووە.
روونیشیکردەوە، سودمەندبوونی ئابووری تەنیا بۆ ناوەندەکانی کتێب نییە، بەڵکوو بۆ؛ هۆتێلەکان، چێشتخانە و کافترییاکان، هێڵەکانی گواستنەوە و تەکسی، و بازاڕی کاری دەستی بەهۆی هاتنی گەشتیاران و شاندە دەرەکییەکانەوە بوژانەوەی بەخۆیانەوە بینیوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی چاپ و بڵاوکردنەوە تیشکی خستە سەر رەهەندە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی پێشانگاکە و رایگەیاند: "ئەم پێشانگایە بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ زۆرێک لە کچان و ئافرەتانی خاوەنکار تا بتوانن کاری دەستی و بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆیان کە بۆن و بەرامی کوردەواری لێدێت نمایش بکەن و سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ خۆیان دابین بکەن". گوتیشی؛ ئەم دۆخە نیشاندەری ئاستی کرانەوەی ئەرێنیی کۆمەڵگای کوردستانە لەچاو دەیان ساڵ لەمەوبەر، کە تێیدا ژنان بەشێوەیەکی کارا هاتوونەتە ناو بازاڕی کارەوە.