پۆلیسی هەولێر پلانێکی تاوانکاری پوچەڵدەکاتەوە و تۆمەتبارێک دەستگیردەکات
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە لەبەردەم باڵەخانەی دادگای بەرایی هەولێر، پلانێکی تاوانکاری پوچەڵبکەنەوە و تۆمەتبارێک بە چەکەوە دەستگیر بکەن.
پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، رووداوەکە دوێنێ چوارشەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ه- ت) و (م- ت) رووی داوە. پۆلیس رایگەیاندووە، ئەو دوو کەسە پێشتر لە 25ـی ئایاری 2024 بە تۆمەتی کوشتنی ئامۆزایەکی خۆیان بە ناوی (ک-ک- م) درابوونە دادگا.
لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی (م-ج-م) بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بە بەکارهێنانی چەک، هەوڵی داوە تاوانێک بکات. تۆمەتبارەکە بۆ ئەوەی ناسنامەی نەناسرێتەوە، ماسکی بەستبوو، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت مەبەستەکەی جێبەجێ بکات، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا و دەستبەجێ دەستگیر کرا، هەروەها دەست بەسەر چەکەکەیدا گیرا.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبار رادەستی یاسا کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.