بانکی ناوەندیی عێراق وادەی گەیشتنی ملیارێک دۆلار لە ئەمریکاوە ئاشکرا دەکات
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بارێکی نوێی دۆلار بە بڕی یەک ملیار دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیرکردنی زیاتری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو هەژمار دەکرێت.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود داغر، راوێژکار و گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، بارێکی نوێی دراوی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا کە بڕەکەی یەک ملیار دۆلاری کاشە، ئەم پێشهاتەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهێزبوونی بەهای دیناری عێراقی و پاراستنی سەقامگیریی دارایی دادەنێت.
ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم بڕە نوێیەی دۆلار راستەوخۆ دەخرێتە خزمەت پڕۆسەی هاوسەنگکردنی بازاڕی دارایی و پاڵپشتیکردن لە دیناری عێراقی.
سەبارەت بە دابەزینی ئەم دوایییەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاریش لە بازاڕە ناوخۆیییەکاندا، داغر روونی کردەوە، کە ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە نەختینەیییەی بانکی ناوەندی پەیڕەوی دەکات لە رێگەی زیادکردنی قەبارەی خستنەڕووی دۆلار، هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و چاکسازییە ئابوورییانەی لە بازاڕدا هاتوونەتە کایەوە.
ئەم رێکارانەی بانکی ناوەندی لە کاتێکدان کە بەپێی زانیارییەکان، دانوستانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامییان هەیە، بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر زیادکردنی بەرچاوی قەبارەی ناردنی دۆلاری کاش بۆ وڵاتەکە.
لە قۆناخی یەکەم و لە چەند رۆژی داهاتووەوە، مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلار بە بەردەوامی رەوانەی عێراق دەکرێت؛ لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسی و دارایییەکانی حکوومەت چڕکراونەتەوە تاوەکو ئەو قەبارەیە بۆ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە بەرز بکرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی جیاوازی نرخی دۆلار و دینار لە بازاردا نەمێنێت.