قالیباف داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات بەکارهێنانی گاز کەم بکەنەوە
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران داوای هەڵمەتێکی نیشتمانی کرد بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی 10%، لە کاتێکدا بەرپرسانی تاران لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا هۆشداری لە دروستبوونی قەیرانێکی قورسی گاز دەدەن بەهۆی زیانەکانی جەنگەوە.
یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستانی داهاتوو، پێویستە هەوڵێکی سەرتاسەری بدرێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز بەلایەنی کەمەوە بە رێژەی 10%.
قالیباف لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە چوارچێوەی دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان بووە، و میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە گوتی: "هەر کەسێک گاز پاشەکەوت بکات، بێ گوێدانە بڕەکەی، راستەوخۆ هاوڕێژەی ئەوە پارە دەچێتە سەر هەژماری بانکییەکەی، تاوەکو هەمووان بە شێوەیەکی بەرجەستە کاریگەریی ئەو پاشەکەوتکردنە لەسەر بودجەی خێزانەکانیان ببینن".
سەرەڕای ئەوەی ئێران یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی گازی سروشتی، بەڵام مێژوویەکی درێژی لە کەمیی گازی پێویست بۆ گەرمکردنەوە هەبووە، کە ئەم قەیرانە بەهۆی جەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا قووڵتر بووەتەوە. بەگوتەی بەرپرسانی تاران، لە ماوەی توندترین قۆناخی شەڕەکەدا کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی سەرەکیی گاز لە وڵاتەکەدا.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندبوو، حکوومەت پێشبینی دەکات لە وەرزی سەرمادا بەهۆی زیانەکانی جەنگەوە رووبەڕووی کەمیی رۆژانەی 100 ملیۆن تا 250 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی ببێتەوە، و هیوای خواست تا دەستپێکی زستان بتوانن دابینکردنی نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا بۆ هێڵەکان بگەڕێننەوە.
لە کاتێکدا لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما لە ئێران بە تایبەت لە ناوچەکانی باکوور بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، جەنگ و گەمارۆ ئابوورییەکان رەوشەکەیان ئاڵۆزتر کردووە. لە مانگی ئابدا واشنتن هەڵمەتێکی گەمارۆدانی ئابووریی دژی بەندەرەکانی ئێران راگەیاند، هاوکات ئێرانیش کۆنتڕۆڵی گەرووی هورموزی کردووە کە پێشتر پێنجیەکی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو.