کوردستان24 دوا زانیاریی لەبارەی زیانی لافاوەکەی سەڵماس بڵاو دەکاتەوە

سێ رۆژ بەسەر لافاوەکەی سنووری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە 161 هاووڵاتی بێ ماڵ و شوێنی حەوانەوە ماونەتەوە. حکوومەتی ئێران جگە لە هەندێک هاوکاریی سەرەتایی، تا ئێستا هیچ پلانێکی بۆ چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون رانەگەیاندووە.

22ـی ئەم مانگە، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوی لەناکاو لە چەند گوندێکی سەر بە سەڵماس لە پارێزگای ورمێ، زیانی گیانی و ماددی بەر دانیشتووانی ناوچەکە کەوت. زیانەکان زیاتر گوندەکانی شووریک، سێلاب، کانیان، شەکەریازی و مافیکەندی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتە فەرمییەکانی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، تا ئێوارەی شەممە 24ـی تشرینی یەکەم، سێ کەس لە گوندی کانیان بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە. قوربانییەکان بریتین لە کچێکی تەمەن 10 ساڵ و دوو پیاوی تەمەن 45 و 73 ساڵ، هاوکات سێ کەسی دیکەش بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون.

لافاوەکە زیانی بە 39 خانوو گەیاندووە و بووەتە هۆی زیانمەندبوونی 161 کەس. دابەشبوونی زیانلێکەوتووان بەم شێوەیەیە: 10 خێزان بە کۆی گشتی 50 کەس لە گوندی شووریک، 7 خێزان بە کۆی گشتی 28 کەس لە سێلاب و 22 خێزان بە کۆی گشتی 83 کەس لە گوندی کانیان.

هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی خانەی بونیادی خانووبەرە لە پارێزگای ورمێ ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 78 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە. لەو ژمارەیە، 54 خانوو لە گوندی کانیان، 10 خانوو لە گوندی مافیکەندی و 14 خانوو لە سێ گوندەکەی دیکەدان. زیانەکانی دیکە بریتی بوون لە رووخانی دیوار و لەناوچوونی کەلوپەلی بژێوی خەڵک، کە تێچووی سەرەتایی زیانەکان بە نزیکەی 3.5 ملیار تومەن خەمڵێنراوە.

لەبارەی زیانە کشتوکاڵییەکانەوە، ئامارەکان دەریدەخەن زیاتر لە 700 هێکتار زەوی دانەوێڵەیی و 10 هێکتار باخ زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها ئاژەڵدارانی ناوچەکەش بەهۆی مرداربوونی رەشەوڵاخێک و یەک سەری ئاژەڵی بچووک تووشی زیان بوون.

کۆمەڵەی مانگی سوور بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، 13 تیم و 48 هێزی فریاکەوتنی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بڵاوکردووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، حکوومەتی ئێران تا ئێستا هیچ پلانێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گوند و گوندنشینانە ئاشکرا نەکردووە.