عەلی تەتەر: زیاتر لە 300 گوند بە هۆی پەکەکە ئاوەدان نەبوونەتەوە

پارێزگاری دهۆک ئاماژە بەوە دەکات سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنوورەکە دەستکەوت و پڕۆژەی گرنگی بەدوای خۆیدا هێناوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ئاو و ڕێگاوبان لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا،

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژـی کوردستان24، تیشکی خستە سەر بارودۆخی پارێزگای دهۆک، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، خزمەتگوزارییەکان و کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پارێزگاکە و رایگەیاند، سەردانی سێ رۆژەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تەنیا بۆ بەردی بناغەدانان نەبووە، بەڵکوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان، لایەنە ئیدارییەکان، قایمقامەکان، بەڕێوەبەری ناحیەکان، وەبەرهێنەران و دەزگا ئەمنییەکان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە داخوازییەکانی خەڵک بگرێت.

سەبارەت بە نەهێشتنی رۆتینی کارگێری، عەلی تەتەر گوتی: سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە دەبێت بەرپرسان خزمەتکاری هاووڵاتییان بن، لە سنووری دهۆک بڕیارمان داوە هیچ مامەڵەیەکی یاسایی تەواو نابێت زیاتر لە 24 کاتژمێر لە نووسینگەی پارێزگاردا بمێنێتەوە، هاوکات نوێنەری بەستنەوەمان لەگەڵ وەزارەتەکان لە هەولێر داناوە بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت و کارەکان بەرەو بەئەلیکترۆنیکردن دەڕۆن.

عەلی تەتەر چەند پڕۆژەیەکی گرنگی خستەڕوو:

1. پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە بە تەواوبوونی کێشەی کەمئاوی لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش و سەرجەم گوند و ناحیەکانی سنوورەکە چارەسەر دەکات.

2. پڕۆژەی رێگای دهۆک – هەولێر: پڕۆژەیەکی خێرای نموونەییە و بەبێ ترافیک لایت دەبێت؛ بە بەردەوامی پرد و ژێڕپردە و ڕێگەی خزمەتگوزاریی بۆ دروست دەکرێت، لەوانەش بەشەکانی رێگەی باعەدرێ تا گەلی خودێدا تەواو بوون و بەشە شاخاوییەکەشی بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و کەمکردنەوەی پێچەکان کاری تێدا دەکرێت تا دەگاتە بەستنەوەی بە دووسایدی شێخان و رۆڤیا.

3. رێگەی گەلی زەنتە: پارێزگاری دهۆک روونی کردەوە: داواکاریی خەڵک بۆ ئەم رێگەیە زۆر رەوایە رەزامەندی لەسەر دروستکردنی دراوە، ئێستا کار لەسەر دیزاینەکەی و دیاریکردنی رێگەی جێگرەوە (بەدیل) دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی کارکردندا هاتوچۆی هاووڵاتییان نەوەستێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

4. رێگاوبانەکانی سێمێل: بە چەندین ژێڕپرد و ئۆڤەرپاس و ڕێگەی دووساید، سیمای قەزای سێمێل و دەروازەی ڕۆژئاوای دهۆک گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە.

پڕۆژەکانی قەزای ئاکرێ پشتگوێ نەخراون لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە کەمتەرخەمی بەرامبەر قەزای ئاکرێ دەکەن، پارێزگاری دهۆک ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: ئاکرێ لە دڵماندایە وپارێزگاری لێ دەکەین؛ هەرچی لە دەسەڵاتماندا بووبێت بۆ ئاکرێ درێغیمان نەکردووە.

پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان کە مانگانە بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت تا تەواو بێت. هەروەها پڕۆژەی ڕێگاوبانی گوندەکان و خزمەتگوزارییەکان لەو سنوورە بەردەوامن و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن.

سەبارەت بە وەرزی زستان و دابەشکردنی نەوتی سپی، ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بە زووترین کات پشکی پێویستی نەوتی سپی دابین بکرێت و ناوچە شاخاوییەکان لە پێشینەی دابەشکردندا دەبن. هاوکات ستایشی هۆشیاریی هاووڵاتییانی دهۆکی کرد کە لە ساڵانی رابردوودا دارستان و ژینگەی ناوچەکەیان پاراستووە و دەنگۆی بڕینەوەی دارەکانی بە زیادەڕۆیی لە قەڵەم دا.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، عەلی تەتەر رایگەیاند:بەهۆی بوونی پەکەکە و شەڕ و پێکدادانی بەردەوامیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە سنووری زنجیرە چیاکانی گارە، مەتین و زاپ، زیاتر لە 330 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک بە چۆڵی ماونەتەوە و رێگە نادرێت هاووڵاتییان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

گوتیشی: ئەم گوندانە هەموویان قوربانیدەر بوون و ئەنفال و کیمیابارانیان بینیوە، شایەنی ئاوەدانکردنەوەن، بەڵام پەکەکە رێگر بووە لەوەی حکوومەت خزمەتگوزاریی ئاو، کارەبا و رێگەیان پێ بگەیەنێت. تەنانەت هەندێک گوند کە خزمەتگوزارییشیان پێ گەیشتبوو، دووبارە بەهۆی ئەو شەڕەوە وێران بوونەوە.

هاوکات پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە دهۆک، چۆڵبوونی ئەو 330 گوندەیە، چونکە ئەگەر خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان، هەزاران هەلی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەڕەخسێت و ئابووریی ناوچەکە گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.