دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و دەرماندا گیرا

بەشێکی ئەو دەرمانە و ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە (وێنە: دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق)
بەشێکی ئەو دەرمانە و ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە (وێنە: دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق)

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە کاتی سێ هەڵمەتی جیاواز لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دەروازەکانی شەلەمچە و زڕباتییە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخ و دەرمانی شێرپەنجە و ماددەی هۆشبەر و دەیان ملیۆن دیناری هەناردەکراوی نایاساییدا گیراوە. 

بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ چاودێریکردنی دەروازەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی، تیمەکانیان توانیویانە سێ چالاکیی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن. 

لە چالاکیی یەکەمدا تیمەکانی دەروازەکە دەستیان بەسەر شۆفێرێکی تەکسیدا گرتووە بە شێوازێکی شارەزایانە بڕی 68 ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ 200 دەرزیی هۆرمۆنی مرۆیی لە جۆری "تێستۆستیرۆن" لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا شاردبووەوە و بە نایاسایی دەیویست بیپەڕێنێتەوە. هاوکات بڕی ئەو پارەیە لە ئاستی یاسایی رێگەپێدراو زیاتر بووە.

هەروەها لە دەروازەی شەلەمچە لە پارێزگای بەسڕە دەستبەسەر یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری "ماریجوانا"ـدا گیرا. لەم هەڵمەتەدا گەشتیارێکی عێراقی ئەو ماددەیەی بە شێوەیەکی تۆکمە و شاراوە لەناو کەلوپەلەکانیدا داپۆشیبوو.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی دەروازەی فڕۆکەخانەی بەغدا دوو گەشتیاری عێراقییان دەستگیر کرد لەناو هەشت جانتای گەشتدا دەستیان بەسەر 30 کیلۆگرام دەرمانی پزیشکی و 70 دەرزیی چارەسەری کیمیایی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجەدا گرت. ئەم گەشتیارانە بە شێوەی قاچاخ و بەبێ رەزامەندیی فەرمی هەوڵی هێنانیان دەدا.

دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم تۆمەتبارەکان لەگەڵ کەلوپەل و ماددە دەستبەسەرداگیراوەکاندا رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویستی یاسایی.