سەباح نوعمان: ئەمڕۆ هێزەکانی یەپەشە تێکەڵی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکرێن
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رۆژی دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، مەراسیمی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی سەربازیی یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) و تێکەڵکردنیان بە دەزگا فەرمییەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت، هاوکات بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە چیای شنگال بە تەواوی بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەگوێزرێتەوە.
لە بەیاننامەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا هاتووە، ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی بەرنامە و میتۆدی حکوومەتی عێراقدایە بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بە مەبەستی دامەزراندنی قۆناخێکی نوێ لە بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە قەزای شنگال.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، حکوومەتی عێراق پێزانینی بەرزی هەیە بۆ ئەو قوربانییدانە گەورەیەی رۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە بەرگرییکردن لە عێراق بە گشتی و قەزای شنگال بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تیرۆردا پێشکەشیان کردووە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونیان بە دەستووری عێراق کردەوە کە دروستکردنی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەخە دەکات.
هەروەها بەیاننامەکە جەختی کردەوە، حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی دەگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی مافەکانی بەشداربووانی ئێزدی لە شەڕی دژی تیرۆر، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووان، و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال.