نوخشە ناسیح: لە فێستیڤاڵی هەنار پاس بۆ گواستنەوەی گەشتیاران دابین دەکرێت

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ئامادەکاریی فراوان بۆ فێستیڤاڵی هەنار کراوە و هۆکاری هەڵبژاردنی بەرواری 28ی تشرینی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم وەرزەدا هەنار پێدەگات و لە باخەکانی دەوروبەری هەورامان و شارەزوور لێدەکرێتەوە و هەروەها پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەی گەشتیاران دابین کراوە.

دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026, نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ئرایگەیاند، بەرواری فێستیڤاڵەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی دانراوە، بە جۆرێک رۆژانی 28 و 29ی مانگ باران نییە، بەڵام رۆژی هەینی کە 30ی مانگ دەکات باران هەیە و رۆژی شەممەش کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها روونی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ویستوویانە فێستیڤاڵەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخەن، بەڵام لە هەفتەی داهاتوودا دوو رۆژ باران دەبێت و تاقیکردنەوەی قوتابیانیشی تێدایە.

سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی هاتوچۆ، نوخشە ناسیح جەختی کردەوە، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە هەماهەنگی کراوە و بۆ ئەمساڵ پاسی گواستنەوەی گەشتیاران لە سەرەتای هاتنە ناو هەڵەبجەوە دابینکراوە، بۆ ئەوەی لۆد و قەرەباڵخی نەکەوێتە سەر رێگا و بانی دەوروبەری پارکەکە و هاووڵاتییان بتوانن لەو رێگەیەوە هاتوچۆ بکەن.

لەبارەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەوە، پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستە روو، جگە لە بەرهەمی خۆماڵیی هەنار، کاری دەستیی خانمان و گەنجانی شارەکە و خواردنی کوردەواریش ئامادە کراون، هەروەها لە ماوەی چوار رۆژی فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکیی رۆشنبیری، گۆرانی و پێشبڕکێ بەڕێوە دەچن. لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا ئاشکرای کرد، داوایان کردووە ئەم دوو رۆژە بۆ قوتابیان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە بكرێتە پشوو و چاوەڕوانی وەڵامن.