دیمەشق: ئوردن بەبێ هەماهەنگی هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا

حکوومەتی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێریی پەرەسەندنە مەیدانییەکانی باشووری سووریا دەکەن، ئەمەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کەمێک پێش ئێستا هێزی ئاسمانیی ئوردن کردوویەتی.

سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لەنێویاندا منداڵ هەن. حکوومەتی سووریا جەختدەکاتەوە، هیچ هەماهەنگییەکی پێشوەختە لەگەڵ لایەنی سووریا سەبارەت بەو کردە سەربازییە نەبووە.

حکوومەتی سووریا هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەردەبڕێت و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکات، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێریی بارودۆخی زیانلێکەوتووان دەکەن و کار بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پێویست بەو کەسانە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە بۆ زانینی سەرجەم وردەکارییەکانی ئەو هێرشە. هاوکات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئوردن کراوەن بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی مەیدانی و ئەمنیی هاوبەش بۆ هەر هەنگاوێک ناوچە سنوورییەکان بگرێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی کۆماری عەرەبیی سووریا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات.