لە خێرسۆن رووسیا و ئۆکرانیا ئاگربەستێکی مرۆیی دەکەن

ئاگربەستێک لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئۆلیشکی، کە لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرەڕای ئەم ئاگربەستە، بۆردومانەکان بۆ سەر ناوچەکانی دیکە بەردەوامن. مۆسکۆ شەوی رابردوو بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر کیێڤ، بەهۆیەوە زیان بە چەند باڵەخانەی زانکۆ و پردێکی سەرەکی لە پایتەختی ئۆکرانیا گەیشت.

لە ئۆلیشکی، ئاگربەستەکە رێگە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی دەدات لەو ناوچە گۆشەگیرکراوەدا، کە دانیشتووانەکەی بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمانەوە گرفتارە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە رێگەی تێلیگرامەوە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی لە ئۆلیشکی لە پارێزگای خێرسۆن، هێزە چەکدارەکانی رووسیا کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی بە کاتی مۆسکۆ فەرمانی راگرتنی تەقەکردنیان لە کەرتی خێرسۆن دەرکردووە.

دمیترۆ لوبینیتس، کۆمیساری مافی مرۆڤی ئۆکرانیا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "بێدەنگی دەستی پێکردووە و لایەنی ئۆکرانی پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت." 

مێلانیا ترەمپ هەینیی رابردوو ئەو ئاگربەستەی بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان راگەیاندبوو. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و رووسیا، بابەتێک کە نیگەرانیی ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی لێکەوتووەتەوە. کرێملین دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، ئامادەیە ئاگربەستی مرۆیی دیکەی هاوشێوە ئەنجام بدات و جەختیکردەوە، رووسیا پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دانوستانکارانی ئەمریکی، بەتایبەتی مێلانیا ترەمپ هەیە.

ماوەی ئاگربەستەکە لە ئۆلیشکی بە روونی دیاری نەکراوە. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین هەینیی رابردوو رایگەیاندبوو، گواستنەوەی دانیشتووانەکە رەنگە لانیکەم چەند رۆژێک بخایەنێت. لوبینیتس جەختیکردەوە، پڕۆسەکە دەبێت لە سێ قۆناخدا ئەنجام بدرێت: جێگیرکردنی ئاگربەست، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئۆلیشکی، پاشان گواستنەوەی ئەو دانیشتووانەی دەیانەوێت ناوچەکە چۆڵ بکەن.

نەخشەی جوگرافیی ئاگربەستەکەش ناڕوونە. مۆسکۆ جەختیکردەوە ئاگربەستەکە کەرتی خێرسۆن دەگرێتەوە، بەڵام کیێڤ ئاماژەی بە ناوچەیەکی دیاریکراو لە دەوروبەری ئۆلیشکی کرد. پابەندبوون بە ئاگربەستەکەش دڵنیایی پێوە نییە، چونکە لە رابردوودا هەردوو لا یەکتریان بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکانی دیکە لەو جەنگەدا تۆمەتبار کردووە کە درێژیی بەرەکانی شەڕەکەی نزیکەی 1,200 کیلۆمەترە.

ئۆلیشکی کە دەکەوێتە سەر رووباری دنیپرۆ و هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگە لە باشووری خێرسۆن، لە هەفتەکانی یەکەمی دەستپێکی هێرشەکەی شوباتی 2022ـەوە لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە. شارەکە کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە خێرسۆن دوورە، کە سوپای ئۆکرانیا لە تشرینی دووەمی 2022 کۆنترۆڵی کردەوە.

ئۆلیشکی و دانیشتووانەکەی رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی درۆنی بۆمبڕێژکراوی رووسی و ئۆکرانی دەبنەوە، کە ئۆتۆمبێلەکان دەکەنە ئامانج، هاوکات رێگەکانی گەیشتن بە شارەکەش بە مین چێندراون. بەگوێرەی قسەی دانیشتووانێکی پێشووی شارەکە کە سەرەتای تشرینی یەکەم بۆ فرانس پرێس قسەیان کردبوو، دۆخەکە بووەتە هۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان لە چەند هەفتەی رابردوودا.

هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و رووسیا دانیان بەوەدا ناوە قەیرانێکی مرۆیی لە شارەکەدا هەیە، بەڵام یەکتر بە بەرپرسیار لە دۆخەکە دەزانن. ژمارەی دانیشتووانی ئۆلیشکی کە ساڵی 2023 بەهۆی تەقینەوەی بەنداوێکەوە تووشی لافاوی گەورە بوو، لە 24 هەزار کەسەوە ئێستا بۆ نزیکەی دوو هەزار کەس کەم بووەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەینیی رابردوو رایگەیاند، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی پشکنینی تەکنیکی لەسەر زەوی ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی رێڕەوێک ئامادە بکەن و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و گواستنەوەی هاووڵاتییان مسۆگەر بکەن.

لە کیێڤ، کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی تێدا بەردەوامە، هێرشەکانی رووسیا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە بووە هۆی کوژرانی کەسێک لە نزیک مارکێتێک و زیان گەیاندن بە دامەزراوە تەندروستییەکان. دواتر مۆسکۆ بەپێی وتەی بەرپرسانی خۆجێیی، بەرەبەیان دەستەیەک مووشەکی بالیستی دیکەی ئاراستەی پایتەخت کردووە. ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە تێلیگرام نووسیویەتی، هێرشێک بەر پردی باشوور کەوتووە و ژێرخانی میترۆی سەر پردەکەش زیانی پێگەیشتووە و خزمەتگوزاریی شەمەندەفەر بەسەر پردەکەدا راگیراوە.

لەو ناوچانەش کە رووسیا لە ئۆکرانیا داگیری کردوون، درۆنی ئۆکرانی پاسێکی نێوان مۆسکۆ و نیمچەدوورگەی کریمیای کردە ئامانج، کە بەگوتەی ئیڤگینی بالیتسکی، حاکمی ناوچەکە کە رووسیا دەستنیشانی کردووە، رووداوەکە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 31 کەسی دیکە.