سندووقەکانی دەنگدان بڕیار دەدەن؛ ئایا سەردەمی ناتانیاهۆ کۆتایی پێدێت؟

رۆژی سێشەممە، هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی دابەشبوونی قووڵی ناوخۆییدا روویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، لە یەکەم هەڵبژاردندا لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی بزووتنەوەی حەماس. ئەم هەڵبژاردنە بە تاقیکردنەوەیەکی توند بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەهێزبوونی بەردەوامی ڕەوتی راستڕەوی لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026, زیاتر لە حەفت ملیۆن ئیسرائیلی روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن کە لە کاتژمێر 7ی بەرەبەیانەوە تا کاتژمێر 10ی شەو بەردەوام دەبێت و پسپۆڕان پێیان وایە ئەو هەڵبژاردنە چارەنووسی سیاسیی و حوکمڕانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستنیشان دەکات.

نەتانیاهۆی تەمەن 77 ساڵ، بۆ ماوەی زیاتر لە 19 ساڵ سەرۆکایەتی حکوومەتی ئیسرائیلی کردووە. لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زۆرتر جەختی لەسەر ئەزموونی ئەمنیی خۆی کردووەتەوە و پشتی بە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەستووە و رایگەیاندووە کە تەنیا ئەو دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیلییەکان زامن بکات.

لە ساڵانی دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە، ناتانیاهۆ سەرکردایەتی چەندین جەنگی کردووە کە تێیاندا هێزەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەیان وێران کرد، باشووری لوبنانیان داگیرکرد و بۆ یەکەمجاریش بە هاوکاری ئەمریکا هێرشی تووندیان کردە سەر ئێران. لە بەرامبەردا لە ناوخۆدا، ئیسرائیلییەکان رووبەڕووی بۆردومانی ئێران، حەماس، حزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن بوونەوە.

نەتانیاهۆ لە کانوونی یەکەمی 2022دا گەڕایەوە دەسەڵات و هێزە نەتەوەییە توندڕەوەکانی هێنایە ناو هاوپەیمانییەکەیەوە کە لەو کاتەوە هەژموونی سیاسییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ئۆپۆزسیۆن بە توندی رەخنە لە پشتیوانی ناتانیاهۆ بۆ پارتە ئایینییە توندڕەوەکان (ئۆرتۆدۆکس) دەگرێت، کە هەوڵی دەربازکردنی قوتابیانی پەیمانگا ئایینییەکان دەدەن لە خزمەتی سەربازی لە کاتێکدا سوپا بەدەست کەمی هێزەوە دەناڵێنێت. بەڵام یەکێک لە گەورەترین رەخنەکان بەرامبەر نەتانیاهۆ، لەئەستۆنەگرتنی بەرپرسیارێتییە لە بەرامبەر شکستی رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەردا.

لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆتی تەمەن 66 ساڵان، بەڵێنی داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییە ئەمنییەکانی ئەو رووداوە پێکبهێنێت، کە حکوومەتەکەی نەتانیاهۆ دژی بوو.

بەرەیەکی نافەرمی لە پارتە سیاسییەکان کە پارتی "یاشار" بە سەرۆکایەتی ئایزنکۆت رێبەرایەتی دەکات و هێزەکانی راستڕەوی ناوەند تاوەکو چەپڕەوی ناوەند لەخۆدەگرێت، ئامانجیان لادانی ناتانیاهۆیە لە دەسەڵات. ئایزنکۆت بەڵێنی رێگریکردن لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینی داوە و پشتیوانی خۆی بۆ نیشتەجێگەکان دەربڕیوە، بەڵام بەڵێنیشی داوە بە توندی رووبەڕووی توندوتیژیی نیشتەجێبووەکان ببێتەوە.

دیارنییە ئایا ناتانیاهۆ یان ئایزنکۆت ئامادەییان تێدا دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ لیستە عەرەبییەکاندا پێکبهێنن کە نوێنەرایەتی 21%ی دانیشتووانی ئیسرائیل دەکەن و رەنگە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی حکوومەتدا ببینن ئەگەر ئەنجامەکان نێزیک بن.

چاوەڕوان دەکرێت راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان چەند رۆژێک بخایەنێت، لە کاتێکدا زۆر دوورە هیچ پارتێک بە تەنیا بتوانێت 61 کورسی لە کۆی 120 کورسییەکەی کنێست بەدەستبهێنێت. لەبەر ئەوە، پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێ هەفتە یان مانگێکی دەوێت، بە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێش ئەگەر دانوستانەکان فەشەل بهێنن.

گرنگترین ئامار و ژمارەکانی هەڵبژاردنەکە:

- ژمارەی دەنگدەران: 7.3 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.
- تەمەنی یاسایی دەنگدان: لە 18 ساڵییەوە دەستپێدەکات.
- ژمارەی کورسییەکانی کنێست: پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) لە 120 کورسی پێکدێت.
- کورسی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت: هەر ئاڕاستە و هاوپەیمانێتییەک پێویستی بە لانی کەم 61 کورسی هەیە تاوەکو ببنە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنن.
- رێژەی یەکلاکردنەوە (یەکلایکەرەوە): رێژەی 3.25% دەبێت بۆ تێپەڕاندنی بەرەبەیانی هەڵبژاردن و چوونە ناو پەرلەمان.
- خولی دەسەڵاتی کنێست: ماوەی خولی کنێست 4 ساڵە، بەبێ ئەوەی هیچ سنووردارکردنێک هەبێت بۆ ژمارەی خولەکانی سەرۆکوەزیران.

کێ مافی دەنگدانی هەیە؟

ئیسرائیلییە دەستپێشخەرەکان (یەهودییەکان)، عەرەبەکانی ناوخۆ (فەلەستینییەکانی 48)، و نیشتەجێبووانی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵات مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە، فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵات، هەروەها زۆربەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن ناتوانن دەنگ بدەن.

مێژووی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل, دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کنێست) لە 25ی کانونی دووەمی 1949 بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی یەکەمین خولی پەرلەمانی وڵاتەکە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئیسرائیل سیستەمێکی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی رێژەیی لەسەر بنەمای یەک بازنەی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکات، کە تێیدا سەرجەم خاکی وڵاتەکە یەک بازنە پێكدەهێنێت. بە پێچەوانەی زۆربەی سیستەمە سیاسییەکانی جیهان، ئیسرائیل نەیتوانیوە حکوومەتی زۆرینەی سەقامگیر بۆ ماوەی تەواوی 4 ساڵی خولێک بهێڵێتەوە، ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پێشوەختە و زووتر لە کاتی خۆیان ئەنجام بدرێن. بۆ نموونە، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022، ئیسرائیل بە خولێکی بێوێنەی قەیرانی سیاسی تێپەڕی کە تێیدا پێنج هەڵبژاردنی یەک بەدوای یەک لە ماوەیەکی کەمدا بەڕێوەچوون. ئەم پچڕپچڕی و زوو زوو ئەنجامدانی هەڵبژاردنانە دەگەڕێتەوە بۆ فرەیی پارتە سیاسییەکان و سیستەمی هاوپەیمانیی لاواز کە هەمیشە حکوومەتەکان دەخاتەبەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە.