سبەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دادگایی دەکرێنەوە
سبەی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگاییکردنەوەی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، لەگەڵ 20 کەسی دیکە لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەستپێدەکات. ئەمە یەکەمین دانیشتنی دادگاییە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی نوێدا کە بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراق، تایبەت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست تۆمارکراوە.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دۆسیە نوێیەکەدا 64 کەس بە ماددەی 406 سکاڵایان دژی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی تۆمارکردووە،ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی سکاڵاکاران ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆن و چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن.
سەبارەت بە رێکارەکانی دانیشتنی داهاتوو، دانا تەقیەدین روونیکردەوە، لەو دانیشتنەدا هیچ بڕیارێک دەرناچێت، بەڵکو تەنیا رێکاری ناساندنی تۆمەتباران و ئامادەبوونی سکاڵاکاران و شایەتحاڵەکان جێبەجێ دەکرێن و بڕیاری کۆتایی دوای تێپەڕبوونی چەند دانیشتنێکی دیکە دەردەچێت.
ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 و پاش هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بەپێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالید و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بەپێی ئەو بڕیارانە، لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی خالید بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
دانا تەقیەدین ئاشکرایکرد، تیمی پارێزەران لە سەرجەم ئەو سزایانەی پێشوو لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تانەیان داوە. تیمی پارێزەران چاوەڕوانی ئەوەن لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگای پێداچوونەوە وەڵامی فەرمییان بداتەوە. لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی ئێستا لە چاکسازیی گەوران راگیراون.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.