وەزارەتی دەرەوەی سووریا: لە هێرشەکەی ئوردندا خەڵکی مەدەنی کوژراوە

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە بۆردومانکردنی چەند پێگەیەک لە پارێزگای دەرعا لەلایەن ئوردنەوە دەربڕی.

27ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتەکە روونیکردەوە، ئەو بۆردومانەی دوێنێ ئەنجامدرا و بەبێ هەماهەنگی ئاسمانی سووریای بەزاند، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی. سووریا جەخت دەکاتەوە، ئەو هەڵوێستە مەیدانییە بەهەموو شێوەیەک رەت دەکاتەوە و بە پێشێلکارییەکی روونی بنەماکانی دراوسێیەتی و سەروەریی خاکی سووریا هەژماری دەکات، چونکە پێچەوانەی چوارچێوەی کار و هەماهەنگییە هاوبەشەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر کەنیسەی مار جاورجیۆسی کردە ئامانج و بە هێرشێکی تاوانکاری وەسفی کرد، کە ئامانج لێی تێکدانی کۆمەڵگەی ئوردنی بووە.

سووریا راشیگەیاند، دڵنیایە لەوەی لایەنی گوماناوی هەوڵ دەدەن پەیوەندییە مێژوویی و برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێک بدەن و ئاژاوە بنێنەوە.

وەزارەتەکە رایگەیاند، بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان، ئێستا کاری چڕ بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی مەیدانی و ئەمنیی هاوبەش لە ئارادایە. ئامانجی ئەو لێژنەیە کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان و کۆنترۆڵکردنی سنوور و دەستەبەرکردنی هەماهەنگیی ئەمنییە، تا رێگا لە هەر کەسێک بگیرێت ئاسایشی هەردوو وڵات تێک دەدات.