فیلمی 'دەریای هیوا' خەڵاتی باشترین فیلمی کولتووری رەسەنی ئاسیای لە تورکیا بەدەستهێنا
کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، لە دەرهێنانی جوبڕائیل ئەبوبەکرە، لە دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کولتووری رەسەندا لە شاری دەنیزلیی تورکیا بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین فیلمی کولتووری رەسەنی ئاسیای بەدەستهێنا.
سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، جوبڕائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کولتووری رەسەن، کە بە ناوی "ئینکوف 2026" ناسراوە، 3800 فیلم لە 64 وڵاتی جیهان بەشدارییان کردووە. لە نێو ئەو بەرهەمانەدا، تەنیا 44 فیلم گەیشتوونەتە بەشی پێشبڕکێی فەرمی و 12 فیلمیش وەک بەربژێری کۆتایی هەڵبژێردراون، فیلمی "دەریای هیوا" توانی خەڵاتی باشترین فیلمی کولتووری رەسەنی ئاسیا بەدەست بهێنێت."
جوبڕائیل سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە گوتی، "فیلمی "دەریای هیوا" چیرۆکی کەسانێک دەگێڕێتەوە کە لە ژێر کاریگەریی جەنگ، ئاوارەیی و مەترسیدا، بەدوای ئاسایش و ئازادی و ژیانێکی باشتر دەگەڕێن. فیلمەکە رووناکی دەخاتە سەر ئەو رێگایە سەختەی ئەو مرۆڤانە دەیگرنەبەر بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر، هەرچەندە ئەو رێگایە هەندێک جار پڕ لە مەترسی و ئازار بێت."
سەبارەت بە گرنگیی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە، جوبڕائیل ئەبوبەکر دەڵێت، "بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە تەنیا سەرکەوتنێکی کەسی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو مرۆڤانەی کە ئازار و ناخۆشییەکانیان پێویستە ببینرێن و ببیسترێن، هەروەها ناساندنی توانای سینەمای کوردستان و عێراق بە جیهان."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "گەیشتن بەو ئاستە لە رێگای سینەماییدا ئاسان نەبووە، بەڵکو ئەنجامی هەوڵدان، ئارامی، باوەڕ و خۆشەویستی بۆ سینەمایە؛ رێگایەک کە زۆرجار بەبێ پشتگیریی گەورە، بەڵام بە ئیرادە و هیوایەکی بەهێز درێژەی پێدراوە، چونکە سینەما زمانێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، مرۆڤەکان لێک نزیک دەکاتەوە و تەنانەت لە دژوارترین ساتەکانی ژیانیشدا چرای هیوا هەڵدەکات."
جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی کردووە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.