هەزار و 700 پارچە زەوی لە سنووری دهۆک دابەشدەکرێن
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک رایدەگەیەنێت، رۆژی پێنجشەممە هەزار و 700 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگاکە دابەش دەکرێت و رێکارەکانی ئامادەکردنی زیاتر لە هەزار پارچە زەوی دیکەش بەرەو کۆتایی دەچن.
ئەمرۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، هەزار و 700 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەشدەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، هەزار و 500 پارچە زەوی لە سنووری فەیدییەنە و 200 پارچە زەوی دیکەش لە سنووری شارەوانیی کورانە.
هاوکات باسی لەوەش کرد، رێککارەکانی دابەشکردنی هەزار و 300 پارچە زەوی دیکە کە 500یان لە فەیدییە و 800یان رۆڤیان بەرەو تەواو بوون دەچن و ئەگەر رێککارەکانییان تەواو بکرێن بەهەمانشێوە لە رۆژانی پێنجشەممە ئەوانیش دابەش دەکرێت، ئەگەر نا دەچێتە هەفتەی داهاتوو.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.