تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی داوای دواخستنی دانیشتنی دادگا دەکەن
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: داوایان لە دادگا کردووە پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور بە پێی ماددەی 406ـی یاسای سزادان، کە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت، بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
دانا تەقێدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی دادگا کردووە، بە مەبەستی دواخستنی ئەو دانیشتنەی بڕیارە سبەی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، بۆ دادگاییکردنی لاهور بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوە بچێت.
بە گوتەی دانا تەقێدین، وەڵامی فەرمیی دادگا لەسەر قبووڵکردن یان رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان سبەی رادەگەیەنرێت؛ بۆیە هێشتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی دواخستنی پرۆسەکە نەدراوە.
ئەگەر سەبی دانیشتەکە بکرێت، دەبێتە یەکەمین دانیشتنی دادگاییە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی نوێدا کە بە پێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراق، تایبەت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست تۆمارکراوە.
هەروەها ئەم دانیشتنەی سبەی ئەگەر بکرێت لە کاتێکدایە، کە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 و پاش هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالید و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی خالید بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران، لەو کاتەوە لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.